مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کۆدەبێتەوە چەند پرسێکی گرنگی ئایینی و پیشەیی تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ 15ی2ی2023 کۆبوونەوەی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەسەر سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.


سەرەتای دانیشتنەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان هاوخەمی زانایانی بۆ قوربانیان و کەس و کاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوردو رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوەو ئاماژەی بەوە کرد، کە لە هەرێمی کوردستان وێڕای نوێژی مردوو لەسەر قوربانیان و دوعای چاکبوونەوە بۆ برینداران و هەڵمەتی کۆمەکی و هاوکاری راگەیێندراو خۆشبەختانە لەسنووری لقەکان پاڵپشتی و هەماهەنگیەکی باش ئەنجام درا، بۆ ئەم مەبەستە سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئاراستەی سەرجەم لقەکان و زانایانی ئایینی کرد بۆ ئەو رۆڵ و هەنگاوە گرنگەیان.


دواتر تەوەرەکانی کۆبوونەوەو هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی رابردوو و بەرنامەو کاری ئاییندە گفتوگۆی لەبارەوە کرا، سەردانی شاندی زانایانی هەرێم بۆ بەغداو لێکەوتەکانی و چۆنیەتی فراوانکردنی پەیوەندیەکان و هەماهەنگی لە گەڵ دەزگاو ناوەندە ئەکادیمی و ئایینیەکان جەختی لێ کرایەوە.


هەر لە کۆبوونەوەکە باس لە هەوڵەکانی یەکێتی زانایان بۆ دۆزینەوەی رێکارو چارەسەرێک بۆ خزمەتی مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش کراو بڕیاریش وایە یەکێتی زانایان لەوەدا بەدواداچوونی پێویست و تەواو بکات.


لەلایەکی ترەوە رەوشی ئایینی و زانایان و ئاستی چالاکیەکان و دۆخی دارایی و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەست بە کاری رێکخراوەیی و لقەکانی یەکێتی زانایان و چارەسەرکردنی چەند گرفتێک گەنگەشە کراو چەند پێشنیارو بەرنامەو هەنگاوێک بۆ بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی و پیشەیی خرایە روو.