سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری پانێڵێکی تایبەت بە (رێگری کردن لە گوتاری رق لێبوونەوە- خطاب الكراهية) دەکات

ئەمرۆ 15ی2ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەیاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا حەسن خۆشناو و مەلا عبدالله شێرکاوەیی بەشداری لە پانێڵی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکان بەناونیشانی (رێگرتن لە جیاکاری و گوتاری رق لێبوونەوە) لە شاری هەولێر کرد.


ئامانج لەم پانێڵە خستنە ڕووی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە چوارچێوەی رێگرتن لە جیاکاری و گوتاری رق لێبوونەوە بوو، کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکرێت و لە پانێڵەکەش چەندین کەسایەتی دیاری حکومی و پسپۆڕی یاسایی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و تێیدا بەشدار بوون.


لەم پانێڵە سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا باسی لە روانگەی ئیسلام بۆ رەتکردنەوەو رێگرتن لە گوتاری رق لێبوونەوە کردو لەم نێوەشدا رۆلی زانایانی ئایینی لە گەیاندنی پەیامەکەو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەم بارەوە بەرز نرخاندو رایگەیاند گوتاری ئیسلام گوتاری رق لێبوونەوە نیەو چەندین دەق هەن باس لە گرنگی پێکەوەژیانی ئاشتیانەو گیانی لێبوردەیی و میانڕەوی دەکەن، ئێمە بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی گوتاری نەرم و میانڕەو دەکەین، چونکە لەم فەزایەدا زیاتر دەتوانین کار بۆ پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی و لایەنی سەقامگیری بکەین.


لەبەشێکی تری وتارەکەی سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە هۆکارەکانی گوتاری رق لێبوونەوە کردو چەندین رێکاری وەک چارەسەرو زاڵبوون بەسەر ئەم دیاردەیە خستە ڕوو، هەروەک باسی لەچەند هەنگاوێکی گرنگی یەکێتی زانایان کرد کە لە خزمەت دۆخەکەو پێشوەچوونی کوردستان ئەنجامی داوە.