یەکێتی زانایان بە بۆنەی ساڵیادی ئیسراو میعراجەوە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

یەکێتی زانایان بە بۆنەی ساڵیادی ئیسراو میعراجەوە پەیامێک بڵاو دەکاتەوە


بە بۆنەی هاتنی 27ی رەجەب ساڵیادی شەورۆیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) یەکێتی زانایان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


 


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


(سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آَيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ) الإسراء:1.


بە بۆنەی هاتنەوەی 27ی رەجەبی 1444کۆچی، ساڵیادی شەوڕۆیی پێغەمبەری سەروەرمان (درودو سەلامی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی گەرممان ئاراستەی تەواوی موسڵمانان دەکەین، خوازیارین وێڕای دڵخۆشی و ئارامبوونەوەی دەروون، بە تێڕوانین لە واتاو دەرسەکانی ئەم یادە مەزنە، خەرمانێکی تازە لە پەرێزی ئیمان و پابەندی بە رێبازی ئیسلام و سوننەتی پێغەمبەر – درودی خوای لێ بێت- بێنینە کایەوە.


 شەوڕۆیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) رووداوێکی کەم وێنەو موعجیزەیەکی گەورە بوو، کە وەک دڵنەوایی لەسەر مەینەتی و لەدەستدانی خۆشەویستان و رێزگرتن لە هەوڵ و هەنگاوە بانگەوازییەکان، لەلایەن خوای گەورە بۆ پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) ڕێکخرا.


گرنگە ئەم یادە مەدرەسەی وەرگرتنی وانەی ئیمانی و بەرچاوخستنەوەی پتری پایەو مەقامی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) بێت وەک هاندەرێک بۆ زیاتر چەسپاندنی بنەما ئایینی و ئەخلاقیەکان و ئامۆژگاری و پەندو پەروەردەو تەزکیەی نەفس و راستگۆی پابەندی بەرامبەر دین، بەتایبەت بۆ رۆژگاری ئێستا کە هەمووان لەپێناو گەشەی ئیمان و بەدەستهێنانی بەختەوەری و نزیکبوونەوە لە پاکی دەروونی و راستکردنەوەی هەڵەو پەڵەو کردارو رەفتاری نادروست، پێویستمان بە میعراجی رۆحە بۆ لای پەروەردگاری جیهان لەرێی پەیڕەوکردنی شەریعەت و سوننەتی حەزرەتی رەسولی ئەکڕەمەوە.


جارێکی تر ئەم یادە بەرزو شکۆدارە پیرۆز دەکەین و لەخوای گەورە داواکارین بیکاتە مایەی خێر بۆ موسڵمانانی کوردستان.


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


17ی2ی2023م


26ی رجب 1444ک