لقی دهۆکی یەکێتی زانایان سکاڵای یاسایی لەسەر سوکایەتیەکانی بەهزاد ئیبراهیم تۆمار دەکات

لە کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو سوکایەتیانەی بەهزاد ئیبراهیم ناسراو بە بەهزاد مزوری، کە لەچەند پۆستێکدا سوکایەتی بە پێغەمبەرو موقەدەساتی ئیسلامی کردبوو، ئەمرۆ 19ی2ی2023 لقی دهۆکی یەکێتی زانایان سکاڵای لەسەر تۆمار کرد.


ئەمەش دوای ئەوە هات کە لەکاتی بڵاوبوونەوەی سوکایەتیەکان راستەوخۆ یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هاتە سەر خەت و بەدواداچوونی پێویستی لەم بارەوە کرد.


بۆ ئەو مەبەستە بەرێز د. عبدالله مەلا ەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی راسپارد بۆ بەدواداچوون و ئەنجامدانی کاری پێویست و گرتنەبەری رێکاری پێویست، دوای ئەوە بەرێز د.ئەنەس دۆسکی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان و د. جیهاد بێسفکی بەرپرسی لقی دهۆکی یەکێتی زانایان بە وردی کاری پێویستیان ئەنجام داو ئەم سوکایەتیانەیان رەفز کردەوە.


شایەنی باسە یەکێتی زانایان هیچ کات رێگە نادات سوکایەتی بەرامبەر موقەدەساتی ئیسلام و هیچ ئایینێک بکرێت، چونکە ئەمە رێگە پێدراو نیەو پێچەوانەی یاساو بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە.


لەم سۆنگەوە لقی دهۆکی یەکێتی زانایان بە نوسراوی فەرمی ژمارە 13 لە بەرواری 19ی2ی2023 لە داواکاری گشتی پارێزگای دهۆک سکاڵای یاسایی دژی سوکایەتیەکانی بەهزاد مزوری تۆمار کردووە.