سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان سەردانی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکات

ئەمرۆ 20ی2ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاورەی شاندێکی یاوەری بەمەبەستی بەرزنرخاندنی رۆڵی هاوکاری و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکورو رۆژئاوای کوردستان سەردانی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە شاری هەولێر کرد.


لەدانیشتنێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان تیشکی خستە سەر گەورەیی کاری خێرخوازی و بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەتایبەت لە کاتی کارەسات وپێویستداو، وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی وەسفی کرد، لەو سۆنگەوە سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی و خەڵکی کوردستانی کرد کە لە کاتی بوومەلەرزەکەی تورکیاو سوریا وەک یەکەم دەزگای خێری لەسەر راسپاردەی حکومەتی هەرێم گەیشتنە شوێنی رووداوەکەو لەرووی ماددی و مەعنەوی و گەیاندنی کۆمەکی و فریاگوزاری تەندروستی خزمەتیان پێشکەشی کەس و کاری زیانلێکەوتووان کرد.


هەروەها گوتیشی: خۆشبەختانە لەم کارەساتە کوردستان و مامۆستایانی ئایینی رۆڵێکی گەورەیان بینی لە پاڵپشتی کۆکردنەوەی کۆمەکی و ئەنجامدانی نوێژی مردوو لە مزگەوتەکان و خوێندنی دوعای شیفا بۆ برینداران و راسپاردنی لقەکانی یەکێتی زانایان بۆ هەڵسان بە ئەرکی پێویست.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز موسا ئەحمەد سەرۆکی دەزگای خێرخوازی سوپاسی هەڵوێستی یەکێتی زانایان و تەواوی مامۆستایانی ئایینی کردو گوتی: رۆڵی ئێوە لەم پرسە مرۆیی و نیشتمانی و ئایینیانە گەورەو کاریگەرەو دەتوانین بڵێین پاڵپشتی ئێوە هەم دڵخۆشکەرە هەمیش گوڕوتینمان پێ دەبەخشێت بۆ زیاتر خزمەت کردن و بەردەوام بوون لەسەر ئەم کارە خێرخوازییانە، بەدڵنیاییەوە هەمووان تەواو کەری یەکترین و دەتوانین لەم جۆرە هەنگاوانە رووی جوانی میللەتی کورد پیشانی دەرەوە بدەین کە کورد نەتەوەیەکی مرۆڤدۆست و بەخشندەیە.