سەرۆکی یەکێتی زانایان لە شاری نەجەف بەشداری دیداری زانایانی ئیسلام دەکات

رۆژی 22ی2ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە مەبەستی بەشداری کردن لە دیداری زانایانی ئیسلام بەناونیشانی (ملتقى علماء الاسلام تحت مظلة المبعث النبوي الشريف) لە شاری نەجەف کرد.


ئەم دیدارە لەلایەن ئەکادیمیای بەلاغی خانەی زانستی ئیمامی خوئی بە بۆنەی بەرز راگرتنی یادی ئیسراو میعراج رێکی خسبوو، کە تێیدا سەرۆکی دیوانی وەقفی شیعی و ژمارەیەکی بەرچاو لە گەورە زانایانی عیراق و دەرەوەو سەرۆک و بەرپرسی یەکەمی دامەزراوەو ناوەندە ئایینی و ئەکادیمیەکان بەشدار بوون و باس لە خاڵە هاوبەش و هێڵە گشتیەکان کرا بە ئامانجی زیاتر پتەوکردنی برایەتی و نەهێشتن و کەمکردنەوەی توندڕەوی.


لە رۆژی یەکەمی دیدارەکە سەرۆکی یەکێتی زانایان لە وتەیەکدا وێڕای بەرزنرخاندنی دیدارەکە باسی لە گرنگی تێگەیشتی دروست و لێکنزیکبوونەوە لەژێر چەتری بنەماو رێنماییەکانی ئیسلام کردو لەم نێوەشدا پەیامی مەلای کوردی گەیاندە بەشداربووان، کە هەمیشە جەخت لە ئاشتی و لە پاراستنی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و پتەوکردنی گیانی برایەتی و پێکەوە ژیان و یەکتر قەبووڵکردن و پەیامی میانڕەوی دوور لە توندو تیژی دەکەنەوە.


هەروەها لە رۆژی دووەمی دیدارەکە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان لە پانێڵێکی تایبەت توێژینەوەیەکی (کاریگەری بیری توندرەوی لە رووخاندنی مەبەستەکانی شەریعەت) پێشکەش کردو تێیدا بە شێوەیەکی زانستی و بەڵگەی روون باسی لە مەترسیەکانی بیری توندڕەوی و هەڕەشەی ئەم رەوتە لەسەر کۆی مەبەستەکانی شەریعەت و بەرژەوەندیە گشتیەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگە کردەوە، ئاماژەی بەوەشدا غیابی مەقاسیدی شەرعی لە ئەنجامی بیری توندڕەوی زیانی گەورە بە ئیسلام و شارستانیەتی ئیسلامی و ئاراستەی دەقەکان لەسەر ئەرزی واقع دەگەیەنێت.


شایەنی باسە دیدارەکە ماوەی رۆژی خایاندو چەندین توێژینەوەو بایەتی هاوچەرخ و فکری و زانستی پێشکەش کراو گفتوگۆی تێرو تەسەل لەسەر تەوەرەکان کرا.