په‌یامی زانایانی ئایینی په‌یامی هومێده‌

cefergwani@gmail.com


له‌ ته‌له‌فزیۆنی سپێده‌ی له‌ به‌رنامه‌ی (ئه‌مرۆی سپێده‌)دا، له‌ یادی كاره‌ساتی ئه‌نفال دكتۆره‌ عالیه‌ فه‌ره‌ج ده‌یگووت: مامۆستایانی ئایینی ده‌توانن رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ر ببینن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خانه‌واده‌یانه‌ زیاتر به‌ره‌و ژیانێكی ئاسایی بچنه‌وه‌‌و، لایه‌نی رۆحیان ببووژێته‌وه‌.

زۆر راسته‌ ئه‌ركی وتاربێژان‌و مامۆستایانی ئایینییه‌، هه‌تا بلوێت ژیان بۆ خه‌ڵك ئاسایی بكه‌نه‌وه‌، رۆح بخه‌نه‌وه‌ به‌ر گه‌نج‌و پیر‌و لاوه‌كان، بێ‌ ئومێدی‌و دووره‌ژیانی بره‌وێننه‌وه‌، ره‌شبینی‌و تاریكبینی له‌ هه‌ستی گه‌نجانمان دوورخه‌ینه‌وه‌، به‌ كه‌س‌و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان بڵێن: ئاسووده‌ بن، كه‌سه‌كانتان شه‌هیدن‌و، پشت به‌ خوا ئێستا له‌ فیرده‌وسی ئه‌علا دان، ئێوه‌ش له‌ كوردستان سه‌ربه‌رزن‌و، وه‌كو هه‌ڵگورد ناز به‌سه‌ر هه‌موو دنیا ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ خزمه‌تتان بكرێت، هێشتا هه‌ر هه‌ست به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كرێت، چونكه‌ قوربانییه‌كانی ئێوه‌ ئه‌وه‌نده‌ مه‌زن بوون، مه‌گه‌ر له‌ توانای هیچ مرۆڤێكه‌ قه‌ره‌بوویان كاته‌وه‌، بكوژه‌كانیشتان هه‌ندێكیان شێت‌و، هه‌ندێكیان به‌ره‌و دۆزه‌خی ئه‌به‌دی به‌رێكران، هه‌ندێكیشیان به‌ په‌تی سێداره‌وه‌ هه‌ڵواسران‌و، هه‌ندێكیشیان هێشتا له‌ ناو قه‌فه‌سی دادگاییكردندان.

به‌ڵێ‌، مامۆستای ئایینی ده‌بێ‌ ئومێد بڵاوبكاته‌وه‌، بۆ ئه‌و ژنه‌ی خه‌ریكه‌ له‌ ژین بێ‌ ئومێد ده‌بێت‌و، بریاری داوه‌ له‌ په‌نای په‌رێمس‌و به‌نزیندا خۆی بسووتێنێت، ژیان‌و وره‌ بخاته‌وه‌ به‌ر جه‌سته‌ی ئه‌و گه‌نجه‌ی هومێدی به‌ ژین نه‌ماوه‌‌و، له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك وه‌ستاوه‌، یان گوولله‌یه‌كی بۆ خۆی كریوه‌، ئه‌و ئیختیاره‌ی دوای تێپه‌ربوونی ته‌مه‌نی درێژی پر توانا‌و به‌كاری، وا ده‌زانێت، تازه‌ ئه‌و، له‌ ناو خانه‌واده‌‌و كۆمه‌ڵگاكه‌ی، حسێبی فلسێكی بۆ ناكرێت، پێویسته‌ له‌به‌رامبه‌ر مزگه‌وته‌وه‌ هومێدی به‌جه‌سته‌ بخرێته‌وه‌.
ئه‌و خانه‌وادانه‌ی، بریاریانداوه‌ یه‌كتر بكوژن، یه‌كتر قبوڵ نه‌كه‌ن، شه‌ر‌و ئاریشه‌ بۆ یه‌كتری بهێننه‌وه‌، مامۆستای ئایینی ئاوی خۆشه‌ویستییان له‌ نێو ده‌رشێنێ‌‌و، تۆوی ئاشته‌واییان له‌ نێو ده‌چێنێ‌.

به‌ كورتی په‌یامی وتاربێژان‌و مامۆستایان‌و زانایانی ئایینی ده‌بێ‌ بریتی بێت له‌ (ئومێد، خۆشه‌ویستی، ئاشتی، برایه‌تی، پێكه‌وه‌ژیان) نا بۆ (رق، دووبه‌ره‌كی، شه‌ر، ئاژاوه‌،فه‌ساد، خواردنی به‌ ناهه‌ق، گه‌نده‌ڵی). ئه‌نفالكراوه‌كانیش شه‌ره‌فی ئه‌وه‌یان پێ‌ به‌خشرا پێشی زۆر له‌ خاوه‌نانی شه‌ونوێژ‌و خواناسان به‌ره‌و فیرده‌وس بچن.