شاندێکی باڵای یەکێتی زانایان بەمەبەستی پیرۆزبایی دەسبەکاربوونی راگری نوێ سەردانی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان دەکات

ئەمرۆ 12ی4ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەیاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د. عومەر مرۆ و د.دلشاد گەڵاڵی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، بەمەبەستی پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی بەرێز د. جەمیل عەلی رەسول وەک راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان سەردانی کۆلێژی ناوبراویان لە شاری هەولێر کرد.


سەرەتای دیدارەکە بەرێزسەرۆکی یەکێتی زانایان پیرۆزبایی ئاراستەی بەرێز د. جەمیل عەلی رسول کرد، کە وەک راگری نوێی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان دەست بەکاربووە، هیوای خواست ئەم ئاڵوگۆرە ببێتە تەکانێکی نوێتر بۆ زیاتر بەرەو پێشبردن و بایەخدان بە کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان، هەر لەو سۆنگەوە پاڵپشتی و هەماهەنگی یەکێتی زانایانی دەربڕی بۆ هەر هەنگاوێک لە خزمەت بەرژەوەندی ئەو ناوەندە ئەکادیمیە بێت، کە رۆڵێکی بەرچاوی لە پێگەیاندنی کادری ئایینی و ئەکادیمی هەیە، هەروەها رۆڵ و خزمەتی ستافی پێشتری بەرز نرخاند.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز د. جەمیل عەلی راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان سوپاسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و شاندی یاوەری کرد بۆ ئەو سەردان و هەڵوێستە گرنگەیان و راشیگەیاند پاڵپشتی و هەماهەنگی یەکێتی زانایان بۆ رەوتی زانستی و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان گرنگ پڕ بایەخە.