مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات

ئەمرۆ 13ی4ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەبوونی بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرس و کارگێرانی لقی هەولێری یەکێتی زانایان؛ پێشوازیان لە بەرێز سەربەست لەزگین ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری(پ.د.ک)، شاندی یاوەری بەڕێزان ئاری نانەکەلی و چیا هەرکی کرد.


لە دانیشتنێکدا هەردوولا باسیان لە رۆڵ و پێگەی زانایانی ئایینی لە خزمەتی ئیسلام و بزاڤی نەتەوەیی و قوڵکردنەوەی گیانی نیشتمانپەروەری و سەقامگیری کۆمەڵگەو بڵاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی و برایەتی و تەبایی و بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی کرد.


لەلایەن خۆیەوە بەرێز سەربەست لەزگین وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بە سەردانی بۆ یەکێتی زانایان، ئاماژەی بە هەڵوێست و کاریگەری ماۆمستایانی ئایینی کردو گوتیشی لە بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەیی مامۆستایانی ئایینی شەریحەیەکی گرنگ و پاڵپشتیەکی گەورەی قەزیەی کورد بوون، لەرووی کاری خۆیان و خزمەلایەتی کۆمەڵایەتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئایینی و ئاشتیانە خزمەتیان دیارە، بۆیە هەمیشە جێگەی رێزو تەقدیری زۆرن.


دواتر بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای سوپاس و خۆشحاڵی بە سەردانی بەرێزیان، پوختەیەکی لە کارو هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان و دۆخی ئێستای مامۆستایانی ئایینی و رەوشی ئایینی لە هەرێمی کوردستان باس کردو ئاماژەی بەوە دا کە یەکێتی زانایان لەسەر هەرسێ رەهەندی ئایینی و نەتەوەیی و پیشەیی خزمەت دەکات و ئامادەی هەر هەنگاوێکە لەخزمەتی ئیسلام و موسڵمانان و نیشتمان بێت.