قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 26ی4ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی یەکێتی زانایان پێشواز لە قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم پاتریاکی کەنیسەی رۆژھەڵاتی ئاشووری لەجیھان و شاندێکی یاوەری کرد، کە بە مەبەستی پیرۆزبایی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە موسڵمانان و زانایانی ئایینیەوە هاتبوون.


لەدەسپێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنانی قەداسەتی پاتریاک، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بەرێزیان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانی لەم شێوە بەرهەمی ئەو پێکەوەژیانەیە لەکوردستان هەیەو ئەرکی هەموو لایەکە کار لەپێناو زیاتر قوڵکردنەوەی بکەین، هەروەها باسی لە بایەخدانی ئیسلام و رۆڵی زانایانی ئایینی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی کردو هیوای خواست جەژن بۆ هەموو کوردستان ببێتە مایەی برایەتی و بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری.


دواتر قەداسەتی پاتریاک مار ئاوای سێیەم وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایان گوتی: هاتووم پیرۆزبایی گەرمتان لێ بکەم بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، وە پێتان بڵێم ئێمە وەکو کوردو ئاشووری هەست بە خۆشی و گرنگی ئەم پێکەوەژیانە دەکەین و پێویستیشە هەمووان کار بکەین بۆ بەردەوامبوونی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئایینی لەکوردستان.


هەر لە دیدارەکەدا باس لە گرنگی هەماهەنگی پەیوەندی دوولایەنەو رۆڵی پیاوانی ئایینی لە بەهێزکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەها هاوبەش و ئینسانیەکان کراو تەئکید لەوە کرایەوە وێڕای ئەرکی ئایینی ئەرکێکی تری نەتەوەییمان لەسەر شانەو لەوەشدا گرنگە ئەو تابلۆ جوانەی پێکەوەژیان زیاتر بەرووی دەرەوە بناسێنین، چونکە کوردستان لانکەی پێکەوەژیانی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی بووەو هیچ کات گرفتمان لەم بوارە نیەو زۆر جاریش دوژمنان هەوڵی ئەوە دەدەن نێوانمان تێک بدەن، لەبەر ئەوەی دوژمنی کورد یەکەو نمونەی هەر زیندوو داعش کە هات جیاوازی بە موسڵمان و مەسیحی نەکرد، بۆیە گرنگە رێگە نەدەین هیچ کەس و دەستێک پێکەوەژیان لە کوردستان تێک بدات.