یەکێتی زانایان بەتوندی ئیدانەی هێڕشکردنە سەر مزگەوتی (الرحمن) لە شەنگال دەکات

دوای ئەوەی ئێوارەی دوێنێ هەواڵ و ڤیدیۆی هێڕشکردنە سەر مزگەوتی (الرحمن) لە شەنگاڵ بڵاو بوویەوە، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەدواداچوونی وردی بۆ دۆخەکەو چۆنیەتی رووداوەکە کردوەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان لەسەر خەت بووە، هەر بەم بۆنەوە بەیاننامەیەکی ئیدانەکردنی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


رۆژی پێنجشەممە 27ی4ی2023 لەلایەن چەند کەسێکی دانیشتووی شەنگال هێڕش کرایە سەر مزگەوتی (الرحمن) و کاردانەوەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا.


ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو جۆرە هێڕش و سوکایەتی و کارە تێکدەرانەیە دەکەین، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی موسڵمانانەو هیچ کەس و دەستێک بۆی نیە لەژێر هەر پاساوو ناوێک بێت سوکایەتی پێ بکات، پێویستە ئیدارەی خۆجێی شەنگال و لایەنە پەیوەندارەکان بەزوویی رێکاری یاسایی بگرنە بەرو کەسانی گێرە شێوێن و بەتایبەت ئەوانەی ئەم جۆرە کارەیان کردووە سزا بدات و، رێگە نەدات ئاشوب و کردەی تێکدەرانە لەنێوان پێکهاتەکان دروست ببێ و دواجار سەقامگیری ناوچەکە بکەوێتە مەترسی.


پێویستە هەموو پێکهاتەکان لەئاست پاراستنی پەیامی پێکەوەژیان بن و رێز لە یەکترو ئاشتەوایی بگرن و رێگە نەدەن کاری تێکدەرانە کاریگەری لەسەر ئارامی کوردستان و پەیوەندی نێوان پێکاتەکان دروست بکات، داواش دەکەین موسڵمانان بە وریایی و دوور لە ئاستی نزم و بێ زانیاری مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن.


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


28ی4ی2023