شاندێکی زانایانی وڵاتی روسیا بەیاوەری کۆمەڵێک زانای کۆربەندی فیقهی ئیسلامی عیراق سەردانی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 7ی5ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای فەتوا پێشوازیان لە شاندێکی موفتی و زانایانی وڵاتی روسیا بەسەرۆکایەتی شامل سەمیحوڵڵاو یاوەری شاندێکی زانایانی کۆربەندی فیهقی ئیسلامی لە عیراق کرد.


لە دیدارێکی دۆستانەدا سەرەتا بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین، پوختەیەکی لە رۆڵ و پرۆژەو ستراتیژی یەکێتی زانایان لەخزمەتکردن و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئیسلام و پەیوەندی بە جیهانی ئیسلامی و رەوشی دینداری لەهەرێمی کوردستان خستە ڕوو، دواتر باسی لە رۆڵی زانایانی کورد لە خزمەتکردنی رەوشی ئایینی و توراس و رێبازی گەروە زانایان کردو نمونەی کاریگەری پەیامی میانڕەوی زانایانی کوردی لە بواری یەکتر قبوڵکردن و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیان و کارکردن لە لێک نزیک کردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان هێنایەوەو چەند خاڵێکی هاوبەشی نێوان هەردوولای باس کرد کە پێویستیە لە رێی هەماهەنگی و پەیوەندی دوولایەنە کاری لەسەر بکرێت، بەتایبەتی لەبواری بەرەنگاربوونەوەی بیری توندرەوی و بڵاوکردنەوەی پەیامی وەستیەت و میانڕەوی.


دواتر شاندەکە وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایان، سەرسامی خۆیان بە خزمەت و هەنگاوەکانی زانایانی کورد بەتایبەت لەبواری پێکەوەژیان و بیری میانڕەوی و گەیاندنی پەیامی جوانی ئیسلام بە تێگەیشتنێکی هاوچەرخ و زانستی و دروستەوە، هەروەها لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەحەدی و بەربەستانەی رووبەرووی موسڵمان دەبێتەوە لە جیهانی ئیسلامی .


شایەنی باسە لە دیدارەکە چەند گفتوگۆیەکی تری پەیوەست بە کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگ کراو تەئکید لە پێویستی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان هەردوولا کرایەوە.