سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری شاندێک سەردانی بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەکات

ئەمرۆ 16ی5ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرس و کارگێڕانی لقی هەولێری یەکێتی زانایان بەمەبەستی پیرۆزبایی دەستبەکاربوون سەردانی بەرێز عەمید شوان عارەب بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێریان کرد.


لە دانیشتنێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان پیرۆزبایی یەکێتی زانایانی ئاراستەی بەرێز بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر کردو ئاماژەی بەوەدا کە گرنگە لە پێناو سەقامگیری کۆمەڵگەو پاراستنی دۆخی ئەمنی و رێگرتن لە رووداوو کێشەی نەخوازراو هەوڵی جدی بدەن، ئەمەش وێڕای ئەوەی ئەرکی ئەو بەرێوەبەرایەتیەیە لەهەمان کات هەنگاوێکی پیرۆزەو زانایانی ئایینیش پاڵپشت و هەماهەنگن بۆ هەر پێویستیەک لە بەرژەوەندی گشتی و دۆخی سەلامەتی هاوڵاتیان بێت.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ سەردان و هەڵوێستی یەکێتی زانایان، باسی لە گرنگی پاڵپشتی زانایان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەرووی ئایینی کردو ئاماژەی بەوەدا کە وێڕای بەرزنرخاندن ئەو رۆڵە بە گرنگ و پێویست دەزانن.