یەکێتی زانایان لە کۆبوونەوەی فراوانی ئاسایی خۆیدا چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکات

ئەمرۆ ۲۸ی۵ی۲٠۲۳ بە سەرپەرشتی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەبوونی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ئەنجومەنی ناوەندی کۆبوونەوەی فراوانی سەرکردایەتی یەکێتی زانایان لەبارەگای مەکتەبی تەنفیزی لە شاری هەولێر بەرێوە چوو.
سەرەتای کۆبوونەوە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی مەکتەبی تەنفیزی ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لقەکانی یەکێتی زانایان کرد، لەهەمبەر خزمەت و رۆڵی بەرچاویان لەماوەی رابردوو.


دواتر تیشکی خستە سەر دوا هەنگاوەکانی یەکێتی زانایان و چەند تەوەرێکی ناوخۆی یەکێتی زانایان و پرسی دیکەی پەیوەست بە رەوشی ئایینی و پیشەیی و کۆمەڵایەتی و زانستی لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەت جوانتر بەرێوەبردنی کارەکان و خزمەتکردنی زانایان و دانانی بەرنامەی تێروتەسەل بۆ زیاتر خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و گەیاندنی پەیامی میانرەوی و پێکەوە ژیان و ریزگرتن لە یەکتری و هەست کردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و پەروەردەیی.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوە باس لەچەند هەنگاوێکی پەیوەست بە بەرەو پێشبردنی ئاست و شیوەی کارکردنی لقەکان کرا بەتایبەت نزیکبوونەوە لە زانایان و وتاربێژان و دروستکردنی پێشبڕکێی زانستی و بەرزکردنەوەی توانستی زانایان.
باس لە چۆنیەتی پاراستنی هەویەی ئیسلامی و کاراترکردنی شێوازی بانگەوازو بایەخدان بە بیری وەستیەت و هەماهەنگی نێوان دامەزراوەیی ئایینی و لێکنزیکی پتری زانایان و هەڵسەنگاندنی کارو هەنگاوەکان.
هەروەها باس لە دۆخی ئێستای ئیعلامی و کاریگەری سۆشیال میدیاو هۆشیار بوون لە پرسە هەستیارەکان و رەچاوکردنی دووربینی و رەهەندی ئایینی و نیشتمانی بەتایبەت گواستنەوەی هەندێ بابەتی ناو سۆشیال میدیا بۆ سەر مینبەرو ئاراستەکردنەوەی بۆ ناو کۆمەڵگە.
بابەتی هەستیاری فەتواو چۆنیەتی رێکخستنەوەی پترو بەرچاو ڕوونی زانایان لەم بارەوە، بۆ ئەوەی رێ لەفەوزاو پەرتەوازەیی و فەتوای لابەلا بگیرێ و زیاتر خزمەتی یەکستنەوەی رەوشی ئایینی بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە جەخت لە پێویستی ئەنجامدانی کۆنگرەی هاوبەشی یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف سەبارەت بە رێکخستنەوەی دروشمە ئایینیەکان کرایەوە.
شایەنی باسە لە کۆبوونەوەکەدا مامۆستایانی بەشدار بوو وێڕای خستنەڕووی سەرنج و تێڕوانینەکانیان، چەند تەوەرێکی دیکەی پەیوەست بە رەوشی ئایینی و کاری پیشەیی و زانایان و کاروباری ناوخۆیی و تایبەتی یەکێتی زانایان تاوتوێ کراو سەرکەوتووانە کۆبوونەوەکە کۆتایی هات.