بە ئامادەبوونی سەرۆکی یەکێتی زانایان دیداری زانایانی شارۆچکەی خەلیفان بەرێوە دەچێت

ئەمرۆ 3ی6ی2023 بە ئامادەبوونی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە کارگێڕو ئەندامی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان و مامۆستایانی ئایینی سنووری شارۆچکەی خەلیفان و دەوروبەری، ناوچەی خەلیفانی یەکێتی زانایان گەشتێکی بەهارەو دیدارێکی تایبەتی رێکخست.


هەر لەم دیدارە بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا دەستخۆشی لە ناوچەی خەلیفانی یەکێتی زانایان کرد بۆ سازکردنی دیدارو کۆبوونەوەی زانایانی سنوورەکە، دواتر ئاماژەی بە هەندێ خەڵێکی گرنگ و پەیوست بە رەوشی ئایینی و پیشەیی و گوتاری ئایینیەوە کردو ئەرک و بەرپرسیارێتی زانایانی ئایینی لەم قۆناغە بە گرنگ و هەستیار وەسف کرد.


هەروەها لە بەشێکی تری قسەکانی باسی لە پێویستی لێک نزیکی زانایان و بوونی راوێژو هەماهەنگی و خوێندنەوەو بەرچاو ڕوونی لە پرس و پێشهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی واقعی کوردستان و دۆخی پێکەوەژیانی ئایینی و رێزگرتن لە یەکتری و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی میانڕەوی و پەیامی ئومێدبەخش کردو، بە گرنگی زانی زانایان پەلە نەکەن لە بڕیاردان لەسەر شتێک کە زانیاری وردو سەرچاوەی بابەتە رۆشن نەبێت، بەتایبەت لەو پرسانەی پەیوەست بە بورای گشتی و ئەمنی قەومی و پێگەی دینداری و وێناکردنی دیدو هەڵوێستی ئایینی.


شایەنی باسە دواتر زانایانی ئایینی بەشدار لە دیدارەکە بە پرسیارو سەرنج و پێشنیارو دانیشتنەکەیان دەوڵەمەند کردو دیدارەکە بووە مایەی خۆشحاڵی ئامادەبوون.