یەکێتی زانایان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە بڵاودەکاتەوە

بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە موسڵمانان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


 


بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ


((ذَلِكَ وَمَنْ يُعَظِّمْ شَعَائِرَ اللَّهِ فَإِنَّهَا مِنْ تَقْوَى الْقُلُوبِ)) الحج: 32.


بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز بەناوی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی تەواوی موسڵمانانی جیهان بە گشتی‌و كوردستان بەتایبەتی دەکەین، لە ناویشیانەوە پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی بەرێز دەكەین، هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە مایەی خۆشبەختی‌و قبوڵبوونی نزا‌و پاڕانەوەكان‌و، ئاودانی دڵە تینووەكان‌و، هاتنەدی مانا راستەقینەكانی جەژنی قوربان لە ئازادی‌و بڵاوبوونەوەی خۆشەویستی‌و برایەتی، هەروەك پێویستە لەم رۆژە پیرۆزەدا هەموو هەوڵ‌و تواناكان یەكخەین بۆ پێكەوەكاركردن لە پێناو وەلاوەنانی گرژی‌و ئاڵۆزی‌و ناخۆشی و ململانێکان ‌و، پاراستنی برایەتی‌و ئاشتی‌و یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کورد.


جەژن واتە دەبڕینی خۆشی و بەجێگەیاندنی سیلەی روحم و گەردەن ئازایی و ئاشبوونەوە لەگەڵ یەکتری و بەشینەوەی خێرو شیرینی و بەرز راگرتنی دروشمی دینداری و ئەنجامدانی شوکرانەبژێری بەرامبەر نیعمەتەکانی خوای گەورە.


دووبارە جەژنی قوربان لە هەموو لایەك پیرۆز بێت‌و، خوای گەورە تاعەت‌و خواپەرستی هەموو لایەكمان قبوڵ بكات‌و، حەج‌و دوعا‌و پاڕانەوەی حاجیەكانیشمان قبوڵ بكات و بەسەلامەت بگەڕێنەوە ناومان.


 


یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان


27ی6ی2023