سوێد: لە یەكەم رۆژی جەژنی قورباندا كەسێكی عێڕاقی قورئانی پیرۆز دەسوتێنێت

دوێنێ چوارشەممە 28/6/2023 لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لەشاری (ستۆکھۆڵم)ـی پایتەختی سوید، کەسێکی بە رەچەڵەک عێراقی بە ناوی (سەلوان سەباح مەتی مۆمیكا) لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ستۆکھۆڵم و بە چاودیری و پارێزگاری پۆلیسی ئەو شارە و لە ژێرناوی (جیاوازی بیر و باوەڕی ئاینی) چاپێكی قورئانی پیرۆزی سوتاند!



ئەو كەسەی قورئانەكەی سووتاندوە لەدایكبووی ساڵی 1986 ی ناچەی حەمدانیەی موسڵە ، ماوەیەكە چووەتە سوید وەك پەنابەر و لە شارۆچكەی ”سۆدەرتالیا” دەژیت و پێشتر پێشینەی زیندانی كردنی هەبووە لە زیندانی ”بادۆش” لە عێراق بەهۆی بەدڕەوشتییەوە، ئَستاش لە سوید لیبڕالیەتی خۆی ڕاگەیاندووە و خۆی داوەتە پاڵ ”حیزبی دیموكراتی گەلانی سوید”



ئەمەو لەلایەن خۆیەوە، حکومەتی عێراق لەبارەی سوكایەتیە راگەیاندراوێكی بڵاوكردۆتەوەو تیایدا وێڕای ئیدانەكردنی سوتاندنی قورئانی پیرۆز، رایگەیاندووە كە: (ئەم کارە قێزەونە بێڕێزییە بە خودی گەلانی رۆژئاوا، کە هەمیشە شانازی بە لەخۆگرتنی فرەیی و رێزگرتن لە بیروباوەڕی ئەوانی دیکە دەکەن).