شاندێکی مەتڕانەکانی مەسیحی بەمەبەستی پیرۆزبایی جەژنی قوربانی سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 2ی7ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی مەتڕانەکانی مەسیحی کە پێکهاتبوو لە بەرێزان: مەتران بەشار متی وردە سەرۆکی ئەساقیفەی هەولێری کلدانی و، مەتران نیقودیموس داود سەرۆکی ئەساقیفەی سریانی ئوثدوکس لە کوردستان و موسڵ و کەرکروک و، مەتران ابرس یوخنا مەترانی کەنیسەی رۆژهەڵاتی ئاشوری و مەتران نثنائيل نزار مەترانی کەنیسەی سریانی کاسۆلیک لە کوردستان و، خالد جەمال ئەلبێر بەرێوەبەری گشتی کاروباری مەسیحیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و، امیل اسطيفان ملحم راوێژکاری وەزری ئەوقاف و مامۆستا فەهمی صليوه بەرێوەبەری پەروەردەی دەوروبەر کرد، کە بە مەبەستی پیرۆزبایی جەژنی قوربانی پیرۆز لە موسڵمانان و زانایانی ئایینیەوە هاتبوون.


لەدەسپێکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بە گەرمی بەخێرهێنان، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بەرێزیان دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە سەردانی لەم شێوە بەرهەمی ئەو پێکەوەژیانەیە لەکوردستان هەیەو ئەرکی هەموو لایەکە کار لەپێناو زیاتر قوڵکردنەوەی بکەین، هەروەها باسی لە بایەخدانی ئیسلام و رۆڵی زانایانی ئایینی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئایینی کردو هیوای خواست جەژن بۆ هەموو کوردستان ببێتە مایەی برایەتی و بەردەوامی ئاشتی و سەقامگیری.


دواتر شاندەکە وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسی پێشوازی گەرمی یەکێتی زانایان، پیرۆزبایی جەژنی قوربانیان ئاراستەی یەکێتی زانایان کردو، رایانگەیاند؛ هەست بە خۆشی و گرنگی ئەم پێکەوەژیانە دەکەین و پێویستیشە هەمووان کار بکەین بۆ بەردەوامبوونی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئایینی لەکوردستان.


هەر لە دیدارەکەدا باس لە گرنگی هەماهەنگی پەیوەندی دوولایەنەو رۆڵی پیاوانی ئایینی لە بەهێزکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و بەها هاوبەش و ئینسانیەکان کراو، دوا پێشهاتەکانیش گفتوگۆی لەبارەوە کراو هەردوولا هاوڕابوون لەوەی سوکایەتی بەرامبەر پیرۆزییەکان و بەتایبەت ئەو کردەیەی لە وڵاتی سوید ئەنجام درا قبوڵکراو نین و پێویستە ئیدانە بکرێن.