مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین دەکات

ئەمرۆ 5ی7ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەبوونی مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، پێشوازیان لە بەرێز پ.د.جمیل عەلی سورچی راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی سەلاحەدین شاندی یاوەری دکتۆر ئەحمەد سەیدەو د.عمران مزوری و مامۆستا احمد گرتکی کرد.


سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز د. عبدالله سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای بەخێرهێنان و دەربڕینی خۆشحاڵی، جەختی لە پێگەی گرنگی کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان کردەوە لە برەودان بە رەوتی زانستی و ئەکادیمی و پێگەیاندنی کادری بەتوانا بۆ خزمەتکردنی ئایین و نیشتمان، هەروەها گوتیشی: کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان دەسکەوت و شانازییەکی گەورەیە بۆ یەکێتی زانایان و کوردستان و بەچاوی رێزو تەقدیرەوە لە هەوڵەکانیان دەڕوانین.


لە بەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتی: لێک نزیکی و هەماهەنگی نێوانمان بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵێک کاری هاوبەش و ئەکادیمی بناغەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی لە ئایندە بتوانین خزمەتێکی شایستە و گرنگ پێشکەش بە کوردستان بکەین.


پاشان بەرێز پ.د.جمیل عەلی سورچی راگری کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان لە وتەیەکدا سوپاسی خۆی و ستافی مامۆستایانی کۆلێژەکەی گەیاندە مەکتەبی تەنفیزی و جەژنی قوربانی لێ پیرۆز کردن، دواتر رۆڵ و پێگەو کاریگەری یەکێتی زانایانی لە گۆڕەپانی کوردستان بە گرنگ وەسف کردو گوتیشی: یەکێتی زانایان و کۆلێژی زانستە ئیسلامیەکان دوو لایەنی پەیوەستن بە خزمەتکردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و زانستە شەرعیەکان و ئامانج و خاڵی هاوبەش و مەیدانی کارکردنیان یەکەو بە یەکەوەش دەتوانین کاری گرنگ و هاوبەش بکەین، بەتایبەت لەبواری گەیاندنی پەیامی میانڕەوی و نەهێشتنی توندڕەوی و ناکۆکی و ئەو ململانێیەی بەرۆکی گەلەکەمانی گرتووە.


شایەنی باسە هەر لەو دانیشتنە کۆمەڵێک پرس و بابەتی پەیوەست بە هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کراو تەئکید لە هەماهەنگی کاری هاوبەش لەنێوان هەردوولا کرایەوە.