یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی  نوێی کۆچی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو دەکاتەوە

بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کۆچی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


 


بەناوی خوای گەورەو میهرەبان


بە بۆنەی هاتنەوەی 1ی موحەرەمی 1445هیجری سەری ساڵی کۆچی پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانان بەگشتی و موسڵمانانی کورد بەتایبەتی دەکەین، بەئومیدی ئەوەی ساڵی تازە ببێتە هاندەرێک بۆ زیاتر گیان بەبەرداکردنی هەستی دینداری و بەخۆداچوونەوەو هەنگاونان بەرەو چاکەکاری و مرۆڤدۆستی.


رووداوی کۆچ وەرچەرخانێکی گرنگی مێژووی مرۆڤایەتی بوو لە پێناو پابەندی ئیمانی و بەجێگەیاندنی فەرمانی خواو پارێزراوی عەقیدەو سەرخستنی رێی خواناسی و عەداڵەت.


کۆچی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە مەککەی پیرۆز بۆ مەدینە ئەوەمان بیر دەخاتەوە، کە پێویستە خۆشەویستی سەروەرمان بکەینە بناغەی هەنگاونان و بایەخی تەواو بە دینداری و مزگەوت و برایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بدەین و، هەستی خۆشەویستی خاک و نیشتمان لەبەر چاوو بگرین، هەروەها نابێ هیچ کات رەشبین و نائومێد بین، بەڵکو بە پشت بەست بەخواو گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان هەمیشە مەشخەڵی سەرکەوتن بە نزیک ببینین.


کۆچ لە میژووی موسڵمانان روداوێکی گەورەو پڕ وانەیە، هێمای رزگاربوونە له‌ زوڵم و قۆناغێكی نوێی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و ئیدارەدان و ده‌ركردنی ده‌ستوورو یاساو پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییە، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ده‌ستوورێكی نووسراودا ئه‌رك و مافی هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كان دیاریكران، له‌ هه‌مان كاتدا بناغه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگایه‌ك بوو له‌سه‌ر بنه‌مای دادپەروەری و دڵسۆزی و برایه‌تی و راستگۆیی و هه‌ماهه‌نگی.


دووبارە پیرۆزبایی لە هەموو لایەک دەکەین، دروود بۆ گیانی پاکی پایەبەرزی پێغەمبەرو یاوەرانی کە بوونە سەرمەشقی کۆچ و وەرچەرخانی مێژووی موسڵمانان..


 


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


18ی تەموزی 2023ز