ئەمرۆ 7ی9ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی، پێشوازی لە بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا هەردوولا وێڕای خۆشحاڵی بە دانیشتنەکە، تەئکیدیان لە رۆڵی زانایانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی گرفتەکان و خزمەتکردنی موسڵمانان کردەوە، کە لە رووی هۆشیاری و بڵاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی رۆڵی گرنگ و بنەڕەتی دەگێڕن.
لەبەشێکی تری دانیشتنەکە باس لە خزمەتکردنی پتری مزگەوتەکان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و مامۆستایانی ئایینی خۆبەخش و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ بایەخدانی پتر بە رەوشی ئایینی لە رووی فکری و عەقیدەیی و رێکخستنەوەی هەندی پرس و بابەتی گرنگ و هەستیار کرا.
هەر لەم دیدارە هەردوولا جەختیان لە هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی و خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و پرسە نیشتمانیەکان کردەوە.
شایەنی باسە لەدانیشتنەکەدا هەر یەک لە بەرێزان د.عومەر مرۆ و د.حسن خۆشناو ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی مامۆستا سید موسی بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان ئامادە بوون. |