مه‌لایه‌تی و فه‌لسه‌فه‌

Hem992003@yahoo.com

ره‌نگه‌ ئه‌م ناوونیشانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌ندێك كه‌س جێگای سه‌رسوڕمان بێت به‌وه‌ی كه‌ ئه‌م دوو چه‌مكه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌لناكه‌ن. لێ‌ ئه‌گه‌ر به‌ مێژووی زانست و مێژووی فه‌لسه‌فه‌دا بگه‌ڕێینه‌وه‌ ئه‌وا له‌و كاروانه‌دا په‌یوه‌ندی ئه‌و دوو چه‌مكه‌ به‌ تایبه‌تی یه‌كه‌مییان له‌ چوارچێوه‌ی زانستدا مه‌داری له‌گه‌ڵ زۆر له‌ چه‌مكه‌كانی تر كردووه‌ به‌ مه‌رجێك چۆنیه‌تی مه‌داركردنه‌كه‌ حوكمێكی ئیجابیانه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌و په‌ره‌دان به‌ هزر بێنێته‌ گۆڕێ‌.

ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌ی عه‌قلی و به‌ڵگه‌ی نه‌قلی له‌ مێژووی مه‌عریفه‌دا پێگه‌یه‌كی گرنگیان هه‌بووبێت, ئه‌وا له‌ نێو به‌ڵگه‌ عه‌قلییه‌كاندا فه‌لسه‌فه‌و دایه‌لۆگی نێوان عه‌قلی مرۆڤه‌كان به‌ ئاراسته‌ی سیسته‌می به‌رێوه‌بردن و ده‌ستووری بیركردنه‌وه‌ی دروست، به‌ كۆڵه‌گه‌یه‌كی گرنگ داده‌نرێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ زۆر جار به‌رێژایی مێژووی مه‌عریفی ئیسلامیدا به‌ گوێره‌ی تێڕوانینی زاناكان فه‌لسه‌فه‌ هه‌ڵسه‌نگێندراوه‌و جاروبار دژایه‌تی كراوه‌و جاروباریش په‌سن كراوه‌. ئه‌وه‌ی لێره‌دا بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ چۆنییه‌تی ره‌فتاری زانایان (مه‌لای كورد)ه‌ له‌گه‌ل چه‌نكه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان, چونكه‌ چه‌مكه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان وه‌ك هه‌ر چه‌مكێكی تری نێو كایه‌كانی ژیان ده‌بێ‌ له‌و روانگه‌وه‌ سه‌یر بكرێ‌ كه‌ په‌ره‌ به‌ هزرو بیری مه‌عریفی مرۆڤه‌كان ده‌دات له‌ روانگه‌ی خۆیه‌وه‌, بۆیه‌ دژایه‌تی سه‌ت له‌ سه‌تی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك زانستی نییه‌, له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی، ناكۆك نه‌بوون له‌ هه‌ر شوێنیك له‌گه‌ڵ ئاین و بناغه‌كانی ئایین، ئه‌وا جێگای قبوله‌ و ئه‌وه‌یشی ناكۆكه‌ كاری پێ‌ ناكرێ‌، به‌ڵام خه‌تی راست و چه‌پ به‌سه‌رداهێنان به‌سه‌ر هه‌مووی له‌به‌ر چه‌ند ناكۆكییه‌ك، یان له‌به‌ر خراپ حاڵی نه‌بوون و تێنه‌گه‌یشتن، ئه‌وا نیشانه‌ی پرسیارمان ده‌خاته‌ سه‌ر و ناسنامه‌ی ده‌روێشی زانست له‌ هه‌موومان ده‌ستێنێته‌وه‌.

پاوانكردنی فه‌لسه‌فه‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌كی داخراوداو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری فه‌لسه‌فه‌، كه‌ فه‌لسه‌فه‌ ناكرێ‌ حه‌وجێ‌ به‌ ئاین بێت و، یان فه‌لسه‌فه‌ و ئایین پێكه‌وه‌ هه‌ڵناكه‌ن, ئه‌وا تووشی هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ بوونه‌، بێ‌ ئاگا له‌وه‌ی، عه‌قڵ هاوبه‌شی نێوان پیاده‌كردنی ئایین و په‌یڕه‌وكردنی فه‌لسه‌فه‌یه‌,, به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ش بانگه‌شه‌كه‌رانی ئاینیش به‌ حه‌رامكردنی تخوون كه‌وتنی فه‌لسه‌فه‌، ئه‌مه‌ش بچووكردنه‌وه‌ه‌ی ئاینه‌ به‌ مانا گشتگیرو فراوانه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م مه‌لای كورد جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ركردنه‌، بریتییه‌ له‌ چۆنیه‌تی ره‌فتاركردن له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌مكانه‌, سه‌رترۆپكی ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌مكانه‌ ده‌بێت به‌ شێوه‌ی زانستی, نه‌ترس له‌ ده‌ردی (عوزری له‌ قه‌باحه‌تی خراپتره‌) چونكه‌ كه‌سانی شاره‌زاو زانای راسته‌قینه‌ به‌ زاناییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ چه‌مكه‌كان ده‌كه‌ن, وه‌ك بابایه‌كی نه‌شاره‌زا نین كه‌ له‌سه‌ری قه‌رزار ببنه‌وه‌.

نه‌نگییه‌ ئه‌مڕۆ مه‌لای كورد له‌ چوارچێوه‌یه‌كی داخراودا بێت و مه‌یدانی فه‌لسه‌فه‌و شاره‌زابوون له‌ كایه‌كانی تر بۆ كه‌سانی تر جێ بهێڵێ‌ و ئه‌وانیش به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ فه‌لسه‌فه‌ له‌سه‌ر خۆیان تاپۆ بكه‌ن و خوێنه‌رانی پێ‌ چه‌واشه‌ بكه‌ن, بێ‌ ئاگا له‌وه‌ی هه‌ندێ‌ بناغه‌ی فه‌لسه‌فی بۆ ژیانی رۆژانه‌و شێوازی پیاده‌كردنی ئاین زۆر پێویستن, چونكه‌ ((زۆر لازمه‌ گشتمان موتاله‌عه‌ی جمهورییه‌تی ئه‌فلاتوون بكه‌ین و (تربیه‌)ی (فاضلانى) لێ‌ وه‌رگرین به‌ گوێره‌ی (ترقیات)ی به‌شه‌ر، ده‌ستوورێ‌ بۆ واعیزان و خه‌تیبان، مودده‌ریسان شاعیران دانێین, ئه‌مما كێ‌ یاریده‌میم ئه‌كا؟ (مع الاسف) (مخاطب) ه‌كم نییه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بكه‌م. (نحن معاشر الانبياء، اُمرنا اَن نكَلم الناس على قدر عقولهم).

بڕوانن چۆن (مه‌لای گه‌وره‌) تینووی فه‌لسه‌فه‌ بووه‌ به‌و ئاقاره‌ی له‌و شوێنه‌ی فه‌لسه‌فه‌ ببێته‌ یارمه‌تیده‌رو پشتیوانی جێبه‌جێ‌ كردنی عه‌قلی ئایین و ئه‌و سه‌رده‌میش زۆرینه‌ی مه‌لایانی كورد نه‌یانویستووه‌ وه‌ك مه‌لای گه‌وره‌ وه‌ها قوول ببنه‌وه‌, چونكه‌ خه‌ریك بوون به‌ فه‌لسه‌فه‌و خوێندنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كانی تر، پێویستی به‌ ماندووكردنی بیرو عه‌قڵ هه‌یه‌. ئه‌ها له‌ ته‌فسیره‌كه‌یدا چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ وته‌ فه‌لسه‌فیه‌كان ده‌ژیێته‌وه‌و ده‌یانكاته‌وه‌ به‌ڵگه‌ی زانستی .... (ئه‌فلاتون به‌ ته‌قلید رازی نییه‌...ئافه‌رین له‌ ئه‌فلاتوون, بنۆڕو جمهورییه‌تی, ئه‌ساسی له‌سه‌ر ئیستفسار له‌ مه‌عنای عه‌داله‌ت داده‌نێ‌......هتد) ته‌فسیری مه‌لای گه‌وره‌, به‌رگی نۆیه‌م, لاپه‌ره‌240 و 255.

ده‌بێ‌ ئه‌و رۆژه‌ كه‌ی بێت مه‌لایانی كورد (مه‌لای گه‌وره‌) ئاسا، فه‌لسه‌فییانه‌ بۆ پیاده‌كردنی ئاین بچن و ببنه‌وه‌ خاوه‌نی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی كه‌ هێڵه‌ گشتییه‌كانی كاری ئاینییان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ و خوێندنه‌وه‌ بۆ هه‌موو كایه‌ فیكرییه‌كان بكه‌ن و بیخه‌نه‌ به‌ر نه‌شته‌ری هه‌لسه‌نگاندن و ره‌خنه‌؟!! وای بۆ ئه‌وێ‌ رۆژێ‌!!!!!!!