سەرۆکی یەکێتی زانایان لە نەجەف بەشداری کۆنگرەی (ئازادی بیروڕاو پێکەوەژیانی هاوبەش) دەکات

ئەمرۆ 29ی9ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.دلشاد گەڵاڵی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی لە شاری نەجەف بەشداریان لە دووەمین کۆنگرەی ساڵانەی دامەزراوەی ئیمام حسین بۆ دیالۆگ و ئاشتی بەناونیشانی (ئازادی بیروڕاو پێکەوەژیانی هاوبەش) کرد، کە ئەمینداری عەتەبەی حوسەینیەو دامەزراوەی ناوبراو بەرێز د.حسن رشید ئەلعبایجی و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی ئەکادیمی و ئایینی نێوخۆیی و دەرەوە تێیدا بەشدار بوون.


لەم کۆنگرەیەدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وترێکی پێشکەش کردو تێیدا وێڕای دەستخۆشی لە رێکخەرانی کۆنگرەکە، باسی لە گرنگی بایەتی پێکەوەژیان وەک پێویستیەکی هاوچەرخ کردو چەندین بنەمای ئایینی لەم بارەوە خستەڕوو، کە ئایینی ئیسلام نەک بانگەشەی پێکەوەژیان دەکات بەڵکو بە کردەیی سەلماندوویەتی پێکەوەژیان خواستێکی تەواو رەواو شەرعیەو پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) لە دەستووری مەدینە بە کردەیی ئەم هەنگاوە بەرجەستە کرد.


لە بەشێکی تری قسەکانی بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان باسی لە نمونەی جوانی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کرد، کە هەموو دونیا چاوی لەسەرەو تابلۆیەکی جوانی شانازی بۆ کورد تۆمار کردووە، لەو نێوەشدا باسی لە رۆڵی گرنگی زانایانی ئایینی کرد، کە بەردەوام هەوڵی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری پێکەوەژیان دەدەن و هێڵەکانی قوڵکردنەوەی ئەم پێکەوەژیانە دەپارێزن.