شاندێکی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بەشداری دیبەتێکی راوێژکاری رێکخراوی لێکۆلەر بۆ سەروەری یاسا دەکات

 


ئەمرۆ 9ی10ی2023 لەسەر راسپاردەی بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان شاندێکی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کە پێکهاتبوو لە بەرێزان د. عومەر مرۆو د.حسن خۆشناو و مامۆستا مەلا محمد ئێنەیی و مەلا عبدالله شێرکاوەیی، بەشداریان لە دانیشتنێکی راوێژکاری رێکخراوی لێکۆلەر بۆ سەروەری یاسا لە هوتێل ڤان رۆیال لە شاری هەولێر کرد.


دانیشتنەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر ئامارەکانی هاوسەرگیری و جیابوونەوەو باسکردنی هۆکارەکان و لێکەوتەکانی، هەروەها تاوتوێ کردنی پرسی ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگاو بابەتی تەمەنی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە.


هەر یەک لە نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتی زانایان و بەرێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و ئەنجومەنی خانمان و سەندیکای پارێزەران لە دانیشتنەکە بەشدار بوون.


لەم دیدارە بەرێز د. عومەر مرۆ بەناوی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا گرنگی پرۆسەی هاوسەرگیری و رۆلی زانایانی ئایینی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەو نەهێشتنی هەندێ دیاردەی وەک شیربایی و گەورە بە گچکەو رێکخستنەوەی پرۆسەی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری بۆ ئامادەبووان شیکردەوە، هەروەها باسی لە پەرۆشی یەکێتی زانایان بۆ کەمکردنەوەی رێژەی تەلاق و پاراستنی بەهای خێزان و چارەسەرکردنی گرفتەکان کردو نمونەی پرۆژەیەکی یەکێتی زانایانیشی هێنایەوە، کە ساڵی 2010 پێشکەشی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی ناو ئەم پرۆسەیە.


شایەنی باسە دواتر ئامادەبووان بە تێرو تەسەلی گفتوگۆی زۆریان لەهەمبەر تەوەری دانیشتنەکە کردو چەندین خاڵیان وەک چارەسەری کێشەکان و کەمکردنەوەی دیاردە نەخوازراوەکان و رێژەی تەلاق خستە ڕوو.