لقی پشدەری یەکێتی زانایان داوایەكی یاسایی لەسەر كەسێك تۆماردەكات و روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بلاودەكاتەوە

دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوو، لقی پشدەری یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان سکاڵایێكی یاسایی لەسەر هاووڵاتی (س.م) تۆماركرد، دوێنێ‌ دووشەممە 9/10/2023 روونكردنەوەیەكی بۆ رای گشتی راگەیاند، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:


ئێمە وەک لقی پشدەری یەکێتی زانایان لە بەرواری 2 /10/ 2023 سکاڵامان لەسەر هاووڵاتی (س. م) تۆمارکرد، لە پای ئەم هەموو تەشهیرو جنێوەی ناوبراو بە زانایانی ئاینی لە چەند ساڵی ڕابردوو کردوویەتی، جێگای ئاماژەیە تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەسەر ئەم هاووڵاتیە تەنیا لەسەر پۆستیکی دیاریکراو نییە وەک دەگوترێت، بەڵکو لەدوو ساڵی رابردوودا لەدەیان پۆستدا تەشهیری بەمامۆستایانی ئایینی کردوەو چەند کەسێکی کردۆتە ئامانج لەناویاندا سەرۆکی یەکێتی زانایان و سەرۆکی لیژنەی فتواو دکتۆر عەبدوللەتیف ئەحمەد و دکتۆر مەزهەر خوراسانی و چەند مامۆستایەکی دیاری پشدەرو هتر، کەئێستا پۆستەکانی بەردەستن.
سەبارەت بەو پرسیارەی کەیەکێتی زانایان بۆچی پەنای بۆ دادگا بردوەو رێکاری تری نەگرتۆتە بەر بۆ چارەسەری کێشەکە، ئێمە وەک یەکێتی زانایان لقی پشدەر چەند جارێک پەنامان بۆ رێکاری کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەری کێشەکە بردوە، جەنابی بەرپرسی لقی پشدەر و کارگێڕانی لق پەیوەندیان پێوە کردوەو لەم بارەیەوە قسەیان لەگەڵ کردوە کەئەو کارەی ئەو دەیکات شیاو نییە و زانایانیش وەک هەر تاکێکی تری کۆمەڵگا بەشخوراوو ستەمدیدەن، بەڵام هیچ حسابی بۆ نەکردوون، دواتریش لەگەڵ ریش سپی و پیاو ماقوڵانی گوندەکەی ئەم هاووڵاتیە قسەمانکردوە، پێمان گوتوون ئەم پیاوە زوڵم لەزانایان دەکات و جنێویان پێدەدات و تەشهیریان پێدەکات، دوای ئەوەی ئەم هاووڵاتیە قسەی هیچ لایەکی نەگرتەوە ئەوکات بەناچاری پەنامان بۆ دادگا بردوەو بەڵگەکانی خۆمان پێشکەش بەدادگا کردوە.
سەبارەت بەتۆمارکردنی سکاڵاکە بەناوی شەخسی کەسێکەوە لە لقی پشدەری یەکێتی زانایان، سکاڵاکە ڕاستە بەناوی کەسێکەوە تۆمارکراوە، بەڵام لەڕاستیدا سکاڵای کەسێک نییە و سکاڵای یەکێتی زانایانە بەتایبەت زانایانی لقی پشدەر، بەڵام هەر دەبێ سکاڵا کەتۆمار دەکرێ ناوی کەسێکی لەسەر بێت.
................. لقی پشدەری یەکێتی زانایان