هەولێر: لە مەراسیمێکدا 45 مامۆستای ئایینی لەبەرامبەر هەوڵ و خزمەتیان رێزلێنانیان پێ بەخشرا

دوێنێ 11ی10ی2023 بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/هەولێر بە هاوکاری رێکخراوی ئافرەتی پۆڵاین و لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لەکوردستان، لە مەراسیمێکی شایستەدا بڕوانامەی بە ( 45) مامۆستای ئایینی بەخشی کە  بەشداربوون لە خولی بەرزکردنەوە و بنیاتنانی ئاستی زانیاری مامۆستایانی ئایینی دەربارەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان/هەولێر.


سەرەتای خولەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد.


دواتر عقیدی پۆلیس (سەفین طاهر محمدامین) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیمان باسی لە گرنگی خولەکە کرد بۆ مامۆستایانی ئایینی کە لەنزیکەوە ئاشنابوون بە کار و چالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان و ڕوانگەیان بەرامبەر کارەکان تا ئاستێکی بەرز گۆڕاوە.


هەروەها گوتیشی مامۆستایانی ئایینی توێژێکی گرنگی کۆمەلگەن بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و ئەمەش دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لەرێگای میمبەری پیرۆزی ئیسلام وابکەین بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە و ئاشتەوایی خێزانی وەدی بهێنین.


پاشان (د.محمد العامری)سەرۆکی رێکخراوی ئافرەتی پۆڵاین، باسی لە گرنگی ئەم پڕۆژە هاوبەشەکرد و کاریگەریەکانی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو وتیشی ئەوان لەداهاتوو لەسەر ئەم پرۆژەیە بەردەوام دەبن و هەوڵ دەدرێت لە قەزاکانی دەوروبەری شاری هەولێریش ئەم خولە بۆ مامۆستایانی ئەنجام بدەن.


دواتر ( مامۆستا شێخ موسێ) بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان، ئەوەی خستەڕوو کە مامۆستایانی ئایینی هەمیشە پێشەنگ بوون بۆ هۆشیارکردنەوە و هاندانیان هاوڵاتیان لە ئەنجام نەدانی توندوتیژی، ئەم خولەش دەرفەتێکی گرنگ بووە بۆ ئاشنابوونی مامۆستایانی ئایینی بە کارەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە و گۆڕینی روانگەیان بەرامبەر کارەکان و ئەمەش هاندانێکی باشە بۆ ئەوەی بتوانن باشتر بەرەنگاری توندوتیژی ببینەوە و ئاشتەوایی خێزانی وەدی بهێنین.