ئەمرۆ 22ی10ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن خۆشناو و مەلا عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی، بە مەبەستی پیرۆزبایی دووبارە متمانە وەرگرتنەوەی بەرێز شێخ عرفان علی عبدالعزیز وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی سەردانی بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانیان کردو بەگەرمیەوە لەلایەن رابەرو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی پێشوازی کران.
لە دانیشتنێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەو دووبارە پێدانەوەی متمانە وەک رابەر ئاراستەی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی کردو هیوای خواست لە ئایندە هەنگاوی سەرکەوتوو بە ئاراستەی خزمەتی ئایین و نیشتمان بنێت و هەمووان پێکەوە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناغەکەو باشترکردنی رەوشی ئایینی و تەبایی نێو ماڵی کوردو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتی بین.
لەلایەن خۆشیەوە بەرێز شێخ عرفان علی عبدالعزیز رابەری گشتی بزووتنەوە سوپاسی خۆی ئاراستەی شاندەکە کردو سوپاسی هەڵوێستی یەکێتی زانایانی کرد، لەهەمبەر رۆڵ و پێگەی دیاری خزمەتیان بەرامبەر ئەو ئەرکەی کەوتۆتە سەر شانیان، هەروەها باسی لە کاریگەری پەیامی زانایان لە خزمەتکردنی بواری ئایینی و زانستی و نەتەوەیی کردو خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانی سەرۆک و شاندی یاوەری دەربڕی..
شایەنی باسە لە دانیشتنەکە وێڕای باسکردنی چەند پرسێکی گەرمی هەنووکەیی، هەردوولا تەئکیدیان لە هەماهەنگی و پەیوەندی نێوانیان کردەوە. |