مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەندیکای پارێزەرانی کوردستان دەکات

ئەمرۆ 31ی10ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای فەتواو ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای فەتوا، پێشوازیان لە بەرێز بەختیار حیدر سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.


سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز بەختیار حیدر نەقیبی سەندیکای پارێزەران خۆشحاڵی خۆی بە دیداری یەکێتی زانایان دەربڕی و رۆڵی یەکێتی زانایانی لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەو پرسە ئایینیەکان بەرز نرخاندو سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی کرد بۆ پێشوازی گەرمیان.


دواتر بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێر هێنان و خۆشحاڵی دەربڕین بە سەردانی سەرۆکی سەندیکای پارێزەران و شاندی یاوەری، باسی لە گرنگی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کردەوەو رۆڵی یاساو دامەزراوەی یاسایی و پیشەی پارێزەری لە چارەسەرکردنی کێشەکان و رێکخستنی کاروبارەکانی خەڵک بە گرنگ وەسف کرد.


پاشان هەردوولا باسیان لە گرنگی و هەستیاری رۆڵی شەریعەت و یاساو دامەزراوەیی ئایینی و یاسایی لەخزمەتکردنی کۆمەڵگەو بەرەو پێشبردنی دۆخی هەرێم کردو گفتوگۆش لەبارەی ئەو نیگەرانی و هەڵە تێگەیشتنەی ناو سۆشیال میدیا سەبارەت بە فەتوای ئەنجومەنی باڵای فەتوا لەسەر پرسی کرێی پارێزەری بڵاوبوویەوە کراو، هەردوولا تەئکیدیان لەوە کردەوە، کە وەک یەکێتی زانایان و سەندیکای پارێزەران تەواوکەری یەکترین و ئامانجی سەرەکی خزمەت کردنی کۆمەڵگەو لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتییە، لەم سۆنگەشەوە وردەکاری و سەرنج و تێبینیەکان گەنگەشە کران و راگۆڕینەوەی تەواویان لەبارەوە.


هەر لە دانیشتنەکە تەئکید لە پێویستی هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان هەردوولاو کاری پێکەوەیی کرایەوەو بەباش زانرا لە پێناو خزمەتی گشتی و پیشەیی لە ئایندە کۆبوونەوەو دیداری نێوان هەردوولا بەردەوامی هەبێت.