لە پێناو پاراستنی ئارامی مزگەوتەکان و یەکڕیزی ناو موسڵمانان و یەکخستنەوەی پەرستش و دروشمە ئایینیەکان وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی فەرمانێک دەر دەکات

 دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە روانگەی خەمخۆری و پەرۆشی بۆ یەکخستنی پەرستش و دروشمە ئایینیەکان لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و، نەهێشتنی ناکۆکی و دووبەرەکی ناو خەڵک لەسەر هەندێ پرس و بابەتی پەیوەست بە خواپەرستیەکان، چەند رێنماییەکی دەرکرد.


دواتر لە رێی نوسراوێکی فەرمی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان بە ژمارە (1013) لە بەرواری 25ی10ی2023 داوای لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردو رێنماییەکان پەسند بکات، هەر وەکو لە نوسراوەکە هاتووە: بەمەبەستی پاراستنی ئارامی ناو مزگەوتەکان و یەکخستنی پەرستش و دروشمە ئایینەکان و پاراستنی یەکڕیزی فیقهی لەناو موسڵمانان، فەتوای تایبەت بە (رێنمایی شەرعی تایبەت بە یەکخستنی پەرستش و دروشمە ئایینیەکان لە مزگەوتەکانی کوردستان بەپێی مەزهەبی ئیمامی شافیعی) بۆتان دەنێرین بە مەبەستی پەیڕەوکردنی لە سەرجەم مزگەوتەکان.


خۆشبەختانەو بە سوپاسەوە بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دوێنێ 5ی11ی2023 بە نوسراوێکی فەرمی ژمارە (4932) گشتاندنێکی بە هاوپێچی رێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوا ئاراستەی سەرجەم بەرێوەبەرایەتیە گشتییەکانی (هەولێرو سلێمانی و دهۆک و گەرمیان و هەڵەبجە)و، بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران و راپەرین و زاخۆ) کردووەو تێیدا داوا دەکات کار بکرێت بە ناوەرۆکی نوسراوی ئەنجومەنی باڵای فەتوا.


لەم بارەوە بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە سایتی فەرمی زانایانی راگەیاند: ئێمە وەکو یەکێتی زانایان سوپاسی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەکەین کە پاڵپشتی هەنگاوەکانە بۆ خزمەتی مزگەوت و جێبەجێ کردنی ئەو هەنگاوانەی لە بەرژەوەندی گشتی دایە، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ باشترکردنی رەوشی ئایینی لە هەرێمی کوردستان.


لەم لینکەدا دەقی گشتاندنەکەو تەواوی رێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای فەتوای بۆ مزگەوتەکانی کوردستان ببینە:


 


http://www.zanayan.org/book_pro.php?id=253