هەولێر: بە بەشداری سەرۆکی یەکێتی زانایان مەراسیمی بەخشینی بروانامەی زانستی بەرێوە دەچێت

 ئەمرۆ 9ی12ی2023 بەئامادەبوونی بەرێز د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و بەرێوەبەری گشتی ئەوقافی پارێزگای هەولێرو ژمارەیەک لە بەرێوەبەرو بەرپرسی حکومی و حزبی و کەسایەتی و شێخانی تەریقەت و مامۆستایانی ئایینی و فەقێ و قوتابیانی ئایینی مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە ناحیەی دارەتوو لە مزگەوتی نەوزاد شاکر بەرێوە چوو، کە لەلایەن بەرێز مامۆستا مەلا دکتۆر حسن پشدەری بەخشرایە پێنج مامۆستای بەرێز.


سەرەتای ئاهەنگەکە وێڕای خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆزو وتاری بەخێرهاتن؛ بەڕێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی وتەیەکی پێشکەش کردو ، تێیدا ئاماژەی بەوە کرد كه ھەمووان لەسایەی ئارامی و تەناھی و وتارە میانڕەویەکانی مامۆستایانی ئایینی ژیان دەکەین و، کوردستان پارێزەری ڕاستەقینەی ئایینەو نمونەی جوانی و ئارامی و پێکەوەژیانە لەناوچەکە و جیھان، پێویستە لەگەڵ ئاینداریدا خەمی گەورەمان پاراستنی شکۆی بەرزی کوردستان بێت، ئەگەر کەسانێ بیانەوێ لەڕێگەی جیاوازەوە پێشێلی مافەکانمان بکەن  بەدڵنیایی ئیرادەی بەھێزی خەڵکی کوردستان لەوە گەورەترە و ناتوانن مەرامەکانیان بێننەدی.


پاشان بەڕێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو وێڕای پیرۆزبایی لە مامۆستایانی بڕوانامەوەرگرو دەستخۆشی لە مامۆستای ئیجازەدەر، تیشکی خستە سەر ڕۆلی مەلاى کورد کە بەدرێژایی مێژوو رەمزی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە لەڕووی وتارو دەرس گوتنەوەو  چارەسەری کێشەکان، هەروەک ئاماژەی بەوەدا کە زانایانی ئایینی بوون لە رابردوو سەرکردەو شۆڕشگێڕی گەورەیان پێگەیاندووەو پشتگیری دۆزی رەوای گەلی کوردیان کردووە، لەرووی رۆشنبیری و ئەدەبی زۆربەی شاعیرو ئەدیبانی کورد دەرچوونی حوجرەو مەدرەسەی ئایینی بوون.


راشیگەیاند کە خۆشەویستی نیشتمان بەشێکە لە دینداری، هەروەک لە سووننەتی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) بایەخدان و خۆشەویستی نیشتمان هەنگاوێکی پیرۆزو شکۆمەندانەیە.


هەر لە وتارەکەیدا سەرکی یەکێتی زانایان ئاماژەی بەڕۆڵی کاراو مێژوويی  حوجرەکانی کوردستان کرد لە پێگەیاندنی مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی و پەروەدەو پشتیوانی لەشۆرش و خەباتی میللەتەکەمان، دواتر جەختی لەپشتیوانیکردنی پەیرەوی ئیمامی شافعی کردەوەو ڕایگەیاند پێویستە لەسەر ھەمووان پێگیری مەزھەبی ئیمامی شافعی بکەین و ڕێچکەو ڕێبازی ئایینی لەپێشینەدا بنێنین وەک ئەوەی لەمێژوودا کورد لەسەری بووە، سوپاسی ھەماھەنگی و پشتیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کرد بۆ پشتیوانی پرۆسەی بەرەو پێشبردنی رەوشی ئایینی لە هەرێمی کوردستان.


شایەنی باسە دواتر مەراسیمەکە بە چەندین سروودو پەخشان رازایەوەو بەشداربووان پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی مامۆستای ئیجازەنامەوەرگر کرد.