شاندێکی باڵای دامەزراوەی ئەدیانی لوبنانی سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

 ئەمرۆ 10ی12ی2023 بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان لە بارەگای مەکتەبی تەنفیزی پێشوازی لە شاندێکی دامەزراوەی ئایینەکان کە پێکهاتبوو لە بەرێزان د. ئیلی هیندی سەرۆکی جێبەجێکاری دامەزراوەی ناوبراو بەرێز عبدو سەعید بەرێوەبەری نوسینگەی عیراقی دەمەزراوەی ئەدیان بەیاوەری بەرێز مەریوان نەقشبەندی ئەندامی دەستەی راوێژکاری دەزگا کرد.


لەدانیشتنێکدا شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە دیداری یەکێتی زانایان و کارو چالاکی و هەنگاوەکانی دەربڕی بەتایبەت لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکەو کاریگەریان لە ئاراستەی کۆمەڵگە بۆ رێزگرتن لە بەها مرۆییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی، هەر لەم سۆنگەوە خوازیاری ئەوە بوون لە ئایندە بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکێتی زانایان پەرە بە گیانی پێکەوەیی ئایینەکان بدەن و پرنسیپەکانی پێکەوەژیان بپارێزن.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین، باسی لە رۆلی زانایانی ئایینی لە پرسی برەودان بە گیانی پێکەوەیی لە نێوان پێکهاتەو ئایینەکان کردو چەند هەنگاوێکی لە ئاراستەی کاری یەکێتی زانایان بەرچاو خست، کە بە تێگەیشتنی پرنسیپەکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بایەخدان بە پرس و بەها ئینسانیەکان و رێزگرتن لە یەکتری و فرەیی ئامانجێکی گرنگەو پێویستە هەمووان کاری لەسەر بکەین.


هەر لە دانیشتنەکە تەئکید لە هەماهەنگی و پەیوەندی نێوان هەردوولا کراو چەند پرسێکی دیکەی هەرێمی و ناوچەیی گفتوگۆی لەبارەوە کرا.


شایەنی باسە هەر یەک لە بەرێزان د. حسن خۆشناو و د. دلشاد گەڵاڵی و مەلا عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان ئامادەی دانیشتنەکە بوون.