دكتۆر حەسەن موفتی رەخنە لە دكتۆر زەڵمی دەگرێت

دوای ئەوەی دكتۆر مستەفا زەڵمی نامیلكەیەكی بڵاوكردەوە، بەناوی (أخطا‌و أصوليّة لابن السبكي في كتابه جمع الجوامع) تێیدا رەخنە لە كتێبی (جمع الجوامع) دەگرێت. دكتۆر حەسەن موفتی سەرۆكی بەشی (شەریعە) لە كۆلێژی زانستە ئیسلامیەكانی زانكۆی سەلاحەدین، وەڵامی ئەو رەخنانەی دكتۆرزەڵمی دەداتەوە، دكتۆر موفتی كتێبەكەی بە ناونیشانی (نقد أسلوب الزّلمي ونقض اعتراضاته) بڵاوكردۆتەوە.

مامۆستا دكتۆر حەسەن رەخنە لە ناونیشانی كتێبەكەی زەڵمی دەگرێت‌و، پێی وایە جۆرە بێ‌ رێزیەكی تێدایە‌و، دوورە لە شێوازی بە ئەدەب‌و رێزی مەلای كورد بەرامبەر زانا‌و شارەزایانی ئیسلام.

ئینجا كتێبەكەی لە دوو بەش پێكهێناوە، لە بەشی یەكەمیدا رەخنە لە شێواز‌و ئسلوبەكەی دەگرێت، لە بەشی دووەمیشیدا وەڵامی سەرجەمی ئەو رەخنانە دەداتەوە، كە دكتۆر زەڵمی لەسەر سەبكی نووسیوە.

كتێبەكەی دكتۆر حەسەن لە (207) لاپەڕە پێكهاتووە‌و، لە (2010) شاپی یەكەمی كەوتە بەر دیدی خوێنەران‌و، چەند دانەیەكیشی بە دیاری پێشكەش بە راگەیاندنی یەكێتی زانایان كردووە، ئێمەش بەڕێزەوە سوپاسی دەكەین‌و، دوعای خێری بۆ دەكەین.