نەخشەی جوگرافی رۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕدرێت

هەندێك لە رۆژنامەكانی ئیسرائیل بە تایبەتی (هائارێستی)، هەندێك راپۆرتییان لەژێر ناوی (دامەزراندنی كۆمەڵێك دەوڵەتی تازە لەدوای كۆتاییهاتنیی راپەڕینەكان) بڵاو كردۆتەوە. ئاماژەیان بەوە داوە كە راپەرینی وڵاتە عەرەبییەكان، نەك هەر تەنیا روخسار و سیستەمە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت، بەڵكو نەخشەی جوگرافی ناوچەكەش دەگۆڕێت. چاوەڕوان دەكرێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانكارییەكانی دوای جەنگی جیهانی دووەم و لەناوچوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، دوبارە بێتەوە و هەندێك وڵاتی تازە سەر هەڵبدەن.
هەر بەپێی شیكاری و راپۆرتی رۆژنامەكان، دوای كۆتایی هاتنی شەپۆلی راپەرینەكان و بە ئاكام گەیشتنی روووداوە خوێناوییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێبشبینی دەكرێ حكومەتی "فەلەستین" سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت و دەوڵەتی"كوردستان"یش لە رۆژهەڵاتدا دابمەزرێت، هەروەها جارێكی تر "باشووری یەمەن" سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێتەوە، "ئیماراتی یەكگرتوو"ش لە ئەندامێتی كۆمكاری وڵاتە عەرەبییەكان بكشێتەوە و ببێت بەچەند وڵاتێكەوە.
هەر بەپێی راپۆرتی هەندێك لە رۆژنامەكانی ئیسرائیل، دەوڵەتی سعودییە دەكرێتە دوو ودەوڵەت، وڵاتێك بەناوی "خاكی پیرۆز" و وڵاتێكی تر بەناوی "وڵاتی نەوتی"، وڵاتی سوریاش دەكرێت بە سێ وڵاتی "سوننی" و "عەلەوی" و "دەروزی" و وڵاتێكیش بەناوی "كور نایكا" لە باشووری لیبیادا سەربەخۆیی خۆی رادەگەیەنێت و "بیابانی رۆژئاوا"ش لە وڵاتی مراكیش جیا دەبێتەوە.
لەدرێژەی راپۆرتە شیكارییەكانی رۆژنامەكاندا هاتووە، تەواوی ئەم گۆڕانكارییانە لەبەردەم واقیعدان و ئەمریكاش بە بایەخەوە لێی دەڕٍوانێ، چونكە یەكێك لە ئامانجە گرنگەكانی ئەمریكا لەجیاكردنەوە و سەربەخۆیی "باشووری سودان"، پەرەپێدان و زیاد كردنی توانای سیاسی ئەمریكا بووە لە سەر ئاستی دیپلۆماسی نێودەوڵەتیدا.
هەر لەمبارەیەوە رۆژنامەی "القدس العربی"ی نوسیوێتی: خستنەرووی مەسەلەی بەرزكردنەوەی توانای دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی ئەمریكا، ئاماژە دانە بە وتەكانی ئۆباما لە دانیشتنی ساڵانەی كۆنگرەی ئەمریكا لە ساڵی 2010. ئۆباما وتبووی: یەكێتی ئەوروپا بەجۆرێك هێزی سیاسی زیاد بووە كە رۆڵی ئەمریكای لە گۆڕانكارییەكانی جیهاندا كەم و لاواز كردووە، بۆیە دەبێ لەناو "28" وڵاتی عەرەبی هاوسێی ئەمریكا، "4" وڵاتی تر دروست بكرێن، تا هێزی رای ئەمریكا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەرامبەر بە ئەوروپادا زیاد بكات. هەوەڵین هەنگاویش بۆ جێبەجێ كردنی ئەم بیرۆكەیەش،
جیاكردنەوەی باشووری سودان بوو لە وڵاتی سودان.
هەر لەسەرەتای ئەمساڵیشدا رۆژنامەیەكی تر ئاماژەی بە (10) نەتەوە و هەرێمی بێ دەوڵەت كرد بوو، كە بەم نزیكانە دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان رادەگەیەنن، لەم پۆلێن كردنەشدا، كوردستان ریزبەندی حەوتەمی وەرگرتبوو.
ئالوف بین، نووسەر لە رۆژنامەی "هائارێستی" ئیسرائیلی، راشكاوانە ئاماژە بەوە دەكات كە كۆتایی تەمەنی رێكەوتننامەی "سایكس بیكۆ" نزیكبۆتەوە و لەماوەیەكی نزیكدا دەوڵەتەكانی "كوردستان" و "فەلەستین" و "باشووری یەمەن" و "بیابانی رۆژئاوا" دادەمەزرێن. دەكرێ ئەم دەوڵەتەش هەمان ئەو چوار دەوڵەتە بێت كە ئۆباما ئاماژەی پێكردووە. بەحوكمی ئەوەی ئیسرائیل نزیكترین دۆست و هاوپەیمانی ئەمریكایە، دەشێ زۆرێك لەو زانیارییە دەزپێكراوانە راست دەربچن و سیناریۆیەكی لەو چەشنە لە ئارادا بێت.
هەروەها بەپێی لێكدانەوەكانی مولازم ئیبراهیم خەللۆ، پێشبینی دەكات كە رەنگە دوای گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، دەوڵەتی كوردی دابمەزرێت.
لەئێستاشدا هەموو ئاراستەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە رەنگە ئەو (4) دەوڵەتە بێنە دامەزراندن كە ئالوف بین پێشبینییان دەكات و ئۆباماش داوای كردووە، بەتایبەتی راگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستین و كوردستان.
F_bewar@yahoo.com

تێبینی:
ئەم وتارە لە ژمارە 729ی رۆژی 8-5-2011ی رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاو كراوەتەوە.