مه‌لایه‌تی و خوێندنه‌وه‌

ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێك كارێكی باش بێت، ئه‌وا بۆ مه‌لای كورد باشترو پێویستتره‌، چونكه‌ پابه‌ندبوون و وه‌فانواندنه‌ به‌رامبه‌ر بنه‌ماكانی قورئان و سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كه‌ ئایه‌تی (اقرا-بخوێنه‌وه‌)یه‌، هه‌روه‌ك خوێندنه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كیشه‌ بۆ خۆ پڕچه‌ك كردن به‌ زانست و زانیاری دێرین و تازه‌، بۆیه‌ سڵه‌مینه‌وه‌ له‌ خوێندنه‌وه‌و په‌راوێزخستنی ئه‌گه‌ر بۆ هه‌موو خه‌ڵك نه‌نگی بێت، ئه‌وا بۆ مه‌لای كورد نه‌نگیتر.

گه‌لێك كه‌س لای وایه‌ ته‌واوكردنی خوێندن، واته‌ ته‌واوكردنی پرۆسه‌ی موتاڵاكردن و خوێندنه‌وه‌و كۆتایی هێنانه‌ به‌ دۆستایه‌تی كردنی كتێب, به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌سێك به‌ هه‌ر جۆرێك و به‌هه‌ر پاساوو بیانوێك له‌ كتێب داببڕێت، ئه‌وا زانای ئایینی ناتوانێ‌ خۆی داببڕێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌و ده‌بێ‌ هه‌میشه‌ وه‌گه‌ڕخه‌ری تواناكانی خۆی بێت‌و ئه‌و داینه‌مۆیه‌ش خۆی له‌ خوێندنه‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.

به‌داخه‌وه‌ ئێستاش لای هه‌ندێ‌ (مه‌لای كورد)، ئیجازه‌ وه‌رگرتن و بوون به‌ مه‌لا، دابڕان و ته‌ڵاقدانی خوێندنه‌وه‌یه‌، به‌و پێودانه‌ی لای ئه‌و مه‌لایه‌تی ته‌نیا پێشنوێژییه‌و له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ ئامۆژگاری وتاری دووباره‌بوو، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی گه‌یشتن به‌ لوتكه‌ی زانایی ده‌بێ‌ به‌ پلیكانه‌كانی به‌رده‌وامێتی خوێندنه‌وه‌دا تێپه‌ڕێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێ‌ خۆشه‌ویستی خوێندنه‌وه‌ له‌ ناخی خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن. (جیمس تریلیس) خاوه‌نی كتێبی the Read-Aloud-handbook ده‌ڵێت: ((ئێمه‌ له‌‌ قوتابخانه‌كان منداڵه‌كانمان فێری خوێندنه‌وه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام بیرمان چووه‌ كه‌ فێری خۆشه‌ویستی خوێندنه‌وه‌یان بكه‌ین)) بۆیه‌ خۆشه‌ویستی خوێندنه‌وه‌ سه‌ره‌تای چزووره‌كردنی بنه‌ماكانی زاناییه‌و جێبه‌جێ‌ كردنی دڵسۆزییه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پیشه‌ی مه‌لایه‌تیدا.

به‌داخه‌وه‌ جار جار له‌لایه‌ن هه‌ندێ‌ مامۆستایانی ئایینییه‌وه‌ ده‌بیسترێ‌، كه‌ (فڵان كتێب مه‌خوێنه‌وه‌، كتێبی فیسار كه‌س مه‌خوێننه‌وه‌، بۆ كات به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌یت؟....هتد) ئه‌مانه‌و چه‌ند ده‌ربڕینێكی تر ماناو مه‌دلولی جۆراوجۆری لێ‌ هه‌ڵده‌كڕێنرێ‌، چونكه‌ سنوور دانان بۆ خوێندنه‌وه‌، واته‌ ترسان له‌ كاریگه‌رییه‌كانی خوێندنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ خه‌ڵكی ساده‌و كه‌م ئه‌زموون ئه‌گه‌ر تاڕاده‌یه‌كیش گونجاو بێت، ئه‌وا زانای راسته‌قینه‌ ده‌بێ‌ بێ‌ سڵه‌مینه‌وه‌ هه‌موو شتێك بخوێنێته‌وه‌و خۆی شاره‌زا بكات له‌ هه‌موو كایه‌یه‌كانی زانست، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ‌ بیخاته‌ به‌ر ته‌رازووی شه‌رع و بنه‌ماكانی ئایینه‌كه‌ی. بۆیه‌ به‌ بێ‌ موتاڵاكردن ناكرێ‌ تیرو توانجی تێ‌ بگیرێ‌ و له‌ تاریكیدا حوكمی ئایینی به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێ‌، كه‌ له‌ راستیدا ناكرێ‌ هیچ به‌رهه‌مێك رێگری خوێندنه‌وه‌ی لێ‌ بكرێ‌.

(مه‌لای گه‌وره‌) له‌سه‌رده‌می خۆیدا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری گۆڤارو رۆژنامه‌كانی توركیاو ئێران و میصری ده‌خوێنده‌وه‌و ئاگاداری زۆربه‌ی هه‌واڵه‌ زانستییه‌ هاوچه‌رخه‌كان و كلتووره‌ دێرینه‌كان بوو، ئه‌مه‌ش له‌ ته‌فسیره‌كه‌ی دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ ((بابم (علیه‌ الرحمه‌)، وه‌صیه‌تی لێ‌ كردم: فه‌رموووی: رۆڵه‌ ته‌حقیری نووسراوی مه‌كه‌، هه‌رچی هاته‌ به‌رچاوت بیخوونه‌وه‌، وه‌له‌و حیكایه‌ت و مه‌ته‌ڵۆك بێ‌. ته‌فسیری كوردی-به‌رگی ده‌یه‌م-لاپه‌ره‌ 576))

مه‌لای كورد ئه‌مڕۆ له‌ هه‌مو كاتێك پێویسته‌ چه‌مكی خۆشه‌ویستی خوێندنه‌وه‌ له‌ ناخیدا بڕوێنێ‌، تا بتوانێ‌ ئه‌و خاپه‌رۆك و زیوانانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ نێو زانستیش به‌ خوێندنه‌و رایبماڵێ‌ و به‌ زانستێكی روون و پاكه‌وه‌ ئه‌دای پیشه‌و پێشه‌وایه‌تی خۆی بكات و حه‌كیمانه‌ مه‌له‌ له‌نێو ده‌ریای زانستدا بكات، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌مووی له‌ چۆنیه‌تی خوێندنه‌وه‌و قووڵ بوونه‌وه‌ لێی دێته‌ كایه‌وه‌، وه‌ك گوتراویشه‌ خوێندنه‌وه‌ ئه‌و دۆسته‌یه‌ كه‌ قه‌ت ناپاكیت له‌گه‌ڵدا ناكات.

زۆری كتێب بۆ جوانی و رازاندنه‌وه‌ی ماڵ و كتێبخانه‌گرنگ نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌ كه‌ ئه‌و كتێبانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان چیمان لێ‌ خوێندۆته‌وه‌؟و چۆن به‌ قووڵی ده‌یخوێنینه‌وه‌؟ بۆیه‌ زانای جاران به‌ كه‌مێك كتێب و په‌ڕاو، به‌ زۆر خوێندنه‌وه‌و خۆشه‌ویستییان بۆ خوێندنه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و پایه‌یه‌ی كه‌ تا هه‌تایه‌ له‌ مێژوودا ناویان ده‌مێنێته‌وه‌.

وای بۆ ئه‌وێ‌ رۆژێ‌ كه‌ (مه‌لای كورد) وه‌ك (مه‌لای گه‌وره‌) له‌ خوێندنه‌وه‌و له‌ هیچ كتێبێ‌ نه‌ده‌سڵه‌میه‌وه‌ و ئه‌و كتێبانه‌ی به‌رده‌ستی هه‌مووی شه‌ن و كه‌وی خوێندنه‌وه‌ ده‌كردو بڕی خۆی ده‌شكاند به‌ خواردنه‌وه‌ی شه‌ربه‌تی خوێندنه‌وه‌.

Hem992003@yahoo.com