بە بۆنەی هاتنی 27ی رەجەب ساڵیادی شەورۆیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
(سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آَيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ) الإسراء:1.
بە بۆنەی ساڵیادی شەوڕۆیی پێغەمبەری سەروەرمان (درودو سەلامی خوای لەسەر بێت) لە 27ی رەجەب، پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی موسڵمانان دەکەین، بەهیواین خەرمانێکی تازە لە ئیمان و پابەندی بە رێبازی ئیسلام و سوننەتی پێغەمبەر – درودی خوای لێ بێت- بێنینە کایەوە.
شەوڕۆیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) رووداوێکی کەم وێنەو موعجیزەیەکی گەورە بوو، کەدەرخەرو گوازشت بوو لە گەورەیی مەقامی پێغەمبەرو پاڵپشتی سەرجەم پێغەمبەران- سەلامی خوایان لەسەر بێت- و دڵنەوایی لەسەر مەینەت و لەدەستدانی خۆشەویستان و رێزگرتن لە هەوڵ و هەنگاوە بانگەوازییەکان، لەلایەن خوای گەورە بۆ پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت).
لەگەڵ هاتنەوەی ئەم یادە پێویستە هەمووان وێڕای دووپاتکردنەوەی پەیمان بۆ پابەندی بە سوننەت و راستگۆیی لە دینداری، ئەم یادە بکەینە هاندەرێک بۆ زیاتر چەسپاندنی بنەما ئایینی و ئەخلاقیەکان و ئامۆژگاری و پەندو پەروەردەو تەزکیەی نەفس و راستگۆی پابەندی بەرامبەر دین، بەتایبەت بۆ رۆژگاری ئێستا کە هەمووان لەپێناو گەشەی ئیمان و بەدەستهێنانی بەختەوەری و نزیکبوونەوە لە پاکی دەروونی و راستکردنەوەی هەڵەو پەڵەو کردارو رەفتاری نادروست، پێویستمان بە میعراجی رۆحە لەرێی پەیڕەوکردنی شەریعەت و سوننەتی حەزرەتی رەسولی ئەکڕەمەوە.
دووبارە ئەم یادە بەرزو شکۆدارە بێت و لەخوای گەورە داواکارین بیکاتە مایەی خێرو کۆتایی هاتنی نەهامەتیەکان بۆ سەر موسڵمانان بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
7ی2ی2024ز
26ی رجب 1445ک |