سەرۆکی یەکێتی زانایان: پێکەوەژیان خواستێکی ئایینیەو پێویستە هەمووان رێزی لێ بگرین

ئێوارەی ئەمرۆ 30ی3ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بەشداری لە پانێڵێکی تایبەت بە پێکەوەژیانی ئایینی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کرد، کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی ئەوقافی سۆران بۆ ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی ئایینی رێکخرا بوو.


لەم پانێڵە بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێز هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و مامۆستا ئیڤان وەک نوێنەری مەسیحیەکان تێیدا بەشدار بوون و بەرێز د.پشتیوان سرێشمەیی بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران پانێڵەکەی بەرێوە بردو چەندین پرسیاری پەیوەست بە پێکەوەژیان ئاراستەی میوانان کرد.


سەرۆکی یەکێتی زانایان لە قسەکانی وێڕای خستنە ڕووی چەندین بەڵگە لە قورئان و فەرموودە تایبەت بە پرسەکە، تیشکی خستە سەر هەنگاوو هەوڵەکانی دامەزراوەیی ئایینی و رۆڵی زانایان لە قوڵکردنەوەی ئەو پێکەوەژیانەی هەیە لە کوردستان، هەروەها گوتیشی: بەرگریکردن لە پێکەوەژیان درووشمێکی سیاسیی نییە و قورئانی پیرۆز له‌ 162 ئایەت باسی پێکەوەژیان دەکات و ئەرکە هەمووان رێزی لێ بگرین.


شایەنی باسە دواتر بەشداربووان بە راو سەرنج و پێشنیار پانێڵەکەیان دەوڵەمەند کرد.