گەورە زاناو کەسایەتی دیاری عیراق دکتۆر شێخ عبدالرزاق ئەلسەعدی سەردانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەکات

ئەمرۆ 16ی5ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە ئامادەیی د.حسن موفتی و د.عومەر مرۆو د.حسن خۆشناو و د.دلشاد گڵاڵی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی باڵای فەتواو بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان؛ پێشوازیان لە زاناو کەسایەتی ناوداری عیراق بەرێز دکتۆر شێخ عبدالرزاق عبدالرحمن السعدی و شاندێکی یاوەری کرد.


لە دانیشتنێکدا بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنان و خۆشحاڵی دەربڕین بە سەردانی بەرێزیان، باسی لە دۆخی ئێستای ئایینی و زانستی و پەیوەندی نێوان زانایانی کوردو عیراق بەگشتی و کوردو سوننە بەتایبەتی کردو پوختەیەکی لە کارو ئامانجی یەکێتی زانایان بەرچاوو خست و، ئەم سەردانەی زانای دیاری عیراق شێخ عبدالرزاق سەعدی بە گرنگ و تایبەت وەسف کرد.


لەلایەن خۆشیەوە بەرێز دکتۆر عبدالرزاق ئەلسەعدی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و سوپاسی لوتف و پێشوازی گەرمی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان کرد، ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەو خزمەتی زانایانی کورد لە بواری دینداری و شارستانیەت و زانستە ئیسلامیەکان و کلتورو توراسی گەورە زانایان کرد، کە بەدرێژایی مێژوو لە کاروانی خزمەت بە زانست و ئیسلام دانەبڕاون.


دواتر هەردوولا باسیان لە چەند بابەتێکی هەنووکەیی و دوا پێشهاتە تازەکان کردو جەخت لە پێویستی پەیوەندی دوولایەنەو گرنگی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ئایینی و پەیامی میانڕەوی و کارکردن لەسەر خاڵە هاوبەشەکان و هەماهەنگی نێوان دامەزراوەی ئایینی لە عیراق و کوردستان کرایەوە.