بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی زانایان بەشداری کردنەوەی دوو مزگەوت لە قەزای خەبات دەکات

ئەمرۆ 21ی5ی2024 بە ئامادەبوونی بەرێز تەیب زرار شێروانی بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینی پارێزگای هەولێرو مامۆستا حاتەم مەولوود گەردی بەڕێوەبەری ئەوقافی دەورووبەری هەولێرو مامۆستا سەید مووسا باقلانی بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانیی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و بەرپرسانی حکوومی و حزبی و شێخانی تەریقەت و مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتیی کۆمەڵایەتیی و خەڵکێکی زۆر، لە قەزای خەبات مزگەوتی ئاشتی و مزگەوتی چوار یاران بەڕووی نووێژخوێناندا کرایەوە.


مەڕاسیمەکە بەخوێندنەوەی چەند ئایەتێک لەقورئانی پیرۆز دەستیپێکرد و لەدوای پەیڤی بەخێرهێنان، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف لەوتارێکیدا پیرۆزبایی کردنەوەی ئەو مزگەوتەی لە دانیشتووانی قەزای خەبات کرد و وتیشی: دەستخۆشی لەدروستکەری ئەو مزگەوتە دەکەین، خودا پاداشتیان بداتەوە، بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتیی دروستکردنی مزگەوت دەکەین، لەو پێناوەشدا وەک هاندانێک کارئاسانی و هاوکارییەکی تەواوی ئەو کەس و خێرخوازانە دەکەین، کە مزگەوت دروستدەکەن.


لەدرێژەی قسەکانیشیدا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف وتیشی: ئەو مزگەوتە ناوێکی جوان و پڕ لەواتای هەیە، کە ناوی "ئاشتی"، هەمووشمان دەزانین، کە مزگەوت شوێنی خوداپەرستی و تەبایی و برایەتیی و ئاشتییە، هیوادارین دانیشتووانی ئەو گەڕەکە لەقەزای خەبات سوود لەو مزگەوتە ببینن و پابەندی بنەما و پەیامیی جوانی مزگەوتی "ئاشتی" بن.


هەر بەو بۆنەیەوە، بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتیی زانایان وتارێکی پێشکەشکردو تیشکی خستەسەر ئەو پاداشتانەی، کە بۆ دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی مزگەوت هەن و وتیشی: خودا خێری هەموو ئەو کەسانە بنووسێ، کە دەستیان لە بونیادنانی مزگەوتی "ئاشتی"دا هەبووە.


بەر لەکۆتایی مەڕاسیمەکەش، بەبۆنەی کردنەوەی مزگەوتی "ئاشتی"، لەپاڵ دابەشکردنی شیرینی بەسەر میوانان و ئامادەبووان، کۆمەڵێک سروودی ئایینی وترانەوە.