ئەمرۆ 1ی6ی2024 بە ئامادەبوونی بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و مامۆستا فارس جەوهەر بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و حاجی تەیب زرار بەرێوەبەری ئەوقافی پارێزگای هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و بەرپرسانی ئیداری و حکومی و کەسایەتی و فەقێ و قوتابیانی زاستە شەرعیەکان و جەماوەرێکی زۆر، مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە قەزای مەسیف لەمزگەوتی مامۆتسا مەلا مەجیدی گڕاو بەرێوەچوو، کە لەلایەن مامۆستای بڕوانامەبەخش مامۆستا مەلا محمد طاهر محمد صالح بەخشرایە چوار مامۆستای ئایینی..
لەم مەراسیمە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو وێڕای دەست خۆشی و پیرۆزبایی لە مامۆستای موجیزو موجازان، دەست خۆشی لەهەردوو کوڕەکانی مامۆستا مەلا مەجیدی گراو کردو دوعای بەخێریشی بۆ مامۆستا مەلا مجید کرد کە وەک صدەقەی جاریە ئەو خێرە گەورەیەی بۆ بەردەوامە.
ئینجا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئایینی ئیسلام ئەمانەتەو پێویستە بیپارێزین لە دوولاوە؛ یەکەم: لەرێی عیلم و زانست و پێگەیاندنی زانایان، کە خۆشبەختانە زانای گەورە هەن و لە کوردستان زانای دڵسۆزمان زۆرەو وەک پارێزەڕی ئەم رێبازە پیرۆزە خزمەت دەکەن. دووەم: لەرێی پابەندبوون بەمەزهەبی ئیمامی شافیعی رەحمەتی خوای لێ بیت، چونکە ئەگەر ئەو مەزهەبەمان ئیهمال کرا فکری تەشەیوع و توندرەوی جێگەی دەگریتەوەو ئەمەش لێکەوتەی خراپ لەسەر کۆمەڵگە دروست دەکات.
لە بەشێکی تری قسەکانی گوتیشی: پێویستە خەڵک مەلاو نامەلا لە یەک جیا بکاتەوە، چونکە کەسانێک خزاونەتە ناو کاری مەلایەتی و بانگەشەی مەلایەتی دەکەن و لە بنەڕەتدا مەلا نین، بەڵکو بۆ نیەتێکی دونیایی و تیجارەت شتی خراپ تەنانەت سیحرو جادوو شتی لەم بابەتە دەکەن و سەر لە خەڵک دەشێوێنن، خۆشبەختانە یەکێتی زانایان بە هەماهەنگی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە جددی کار لەسەر ئەمە دەکات و لە پێناو پاراستنی پیشەو پێگەی مەلایەتی هەموو رێکارێک دەگرێتە بەر..
لەلایەکی ترەوە رووی کردە فەقێیانی بڕوانامە وەرگرو گوتی: خانەوادەی ئیوە ڕەوانەی ناو فەقییانی کردونە تا ببنە مەلای چاک، خۆتان خەریک مەکەن بە شتی لاوەکی، دەبێ بزانن مەلائیکە بالی خۆیان تەنها بۆ ئێوە رادەخەن بۆ کەسیتر نییە.
هەروەها گوتیشی: ئیسلام ئایینی تەبایی و ئاشتییە نەک تەکفیرکردن و دووبەرەکی، بۆ ئەوەی ئەم تێگەیشتنە قوڵکەینەوە پێویستمان بە بایەخدانی حوجرەو پێگەیاندنی نەوەیەکی تازەیە لەسەر هەمان رێبازی زانایانی رابردوومان، کە خزمەتی زانست و ئیسلام و میللەتی کوردسان کردووە.
شایەنی باسە هەر لەم مەراسیمە کۆمەڵێک وتاری تر خوێندرانەوەو چەند پارچە پەخشان و سرودو قەسیدەیەک پێشکەش کران و دواتر ئامادەبووان پیرۆزباییان ئاراستەی مامۆستایان کرد، کە بڕوامەی مەلاتیان پێ بەخشرا.. |