ئەمرۆ 29ی6ی2024 بە ئامادەبوونی بەرێز بەرێز د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و بەرێز ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرو بەرێز نەبەز اسماعيل بەرێوەبەری ئەوقافی پارێزگای هەولێرو ژمارەیەکی بەرچاو لە زانایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت و بەرپرسانی ئیداری و حکومی و کەسایەتی و فەقێ و قوتابیانی زاستە شەرعیەکان و جەماوەرێکی زۆر، مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی زانستی لە شاری هەولێرو لە مزگەوتی حاجی عبدالقهار باداوەیی بەرێوەچوو، کە لەلایەن مامۆستای بڕوانامەبەخش دکتۆر لوقمان جامیعی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان بەخشرایە پێنج مامۆستای ئایینی..
لەم مەراسیمە بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتارێکی پێشکەش کردو وێڕای دەست خۆشی و پیرۆزبایی لە مامۆستای موجیزو موجازان، ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە لەرێی عیلم و زانست و پێگەیاندنی زانایان و پابەندبوون بە رێڕەوی گەورە زانایان هەوڵی خزمەتی زیاتر لەپێناو کۆمەڵگە و گەیاندنی هۆشیاری ئایینی و پێگەیاندني زانای تازە بدرێت.
لە بەشێکی تری قسەکانی گوتیشی: خۆشبەختانە یەکێتی زانایان بە هەماهەنگی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە جددی کار لە پێناو پاراستنی پیشەو پێگەی مەلایەتی لە هەموو رووێکەوە دەکات.
هەروەها گوتیشی: ئیسلام ئایینی تەبایی و ئاشتییە، بۆ ئەوەی ئەم تێگەیشتنە قوڵکەینەوە پێویستمان بە بایەخدانی حوجرەو پێگەیاندنی نەوەیەکی تازەیە لەسەر هەمان رێبازی زانایانی رابردوومان، کە خزمەتی زانست و ئیسلام و میللەتی کوردسان کردووە.
شایەنی باسە هەر لەم مەراسیمە کۆمەڵێک وتاری تر خوێندرانەوەو چەند پارچە پەخشان و سرودو قەسیدەیەک پێشکەش کران. |