ئەمرۆ 3ی7ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان بە یاوەری بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و دکتۆر دلشاد گەڵاڵی و مەلا عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی؛ لقی سۆرانی یەکێتی زانایانی بەسەرکردەوەو کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە پتر رێکخستنەوەو تاوتوێی چەند پرسێکی پیشەیی و رێکخراوەیی پەیوەست بە لقی ناوبراو ئەنجام دا.
سەرەتای دانیشتنەکە بەرێز مامۆستا مەلا خالید مەلەکی بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان بەناوی لقی سۆرانەوە بەخێرهاتنی گەرمی سەرۆکی یەکێتی زانایان و شاندی یاوەری کردو خۆشحاڵی خۆی بەسەردان و دیدارەکە دەربڕی.
دواتر بەرێز سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا دەستخۆشی زۆری ئاراستەی بەرپرس و کارگێڕو بەرپرسی لێژنە ناوچەکانی لق کردو چالاکی و جموجۆڵ و هەڵوێست و کارایی و خزمەتی لقی سۆرانی لە بواری ئایینی و پیشەیی و رێکخراوەیی بەرز نرخاند بەتایبەت خزمەتەکانی مامۆتسا مەلا خالد مەلەکی و مامۆستایانی بەتەمەنی ناو ستاف و تەواوی ئەندامان کە بە لێبوردەیی و هەستی بەرپرسیارێتی ئایینی و نیشتمانی توانیویانە لقی سۆران وەک پێشەنگ بهێڵنەوەو بەردەوام چالاکی هەبێت.
لەبەشێکی تری قسەکانی سەرۆکی یەکێتی زانایان وتی: ئێمە خۆمان بە قەردارو خزمەتکاری هەموو ئەو مامۆستا بەرێزە ئایینیانە دەزانین کە تەمەنی خۆیان لە پێناو یەکێتی زانایان و جێدەستیان لە خزمەتکردنی زانایان دیارە، چونکە ئەمە وزەو تواناو شەوقی زۆری لەناو یەکێتی زانایان لە تەواوی کوردستان دروست کردووەو هەنگاوی مەزنیشی لێ کەوتۆتەوە.
دواتر بەرێز مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایان وتەیەکی پێشکەش کردو وێڕای سوپاس و دەستخۆشی لە لقی سۆران، تەئکیدی لە پێویستی هەماهەنگی تەبایی لە پێناو هەنگاوەکان کردەوەو چالاکیەکانی لقی ناوبراوی بە گرنگ و دیار وەسف کرد.
دواتر مامۆستایانی بەشدار لە دیدارەکە بۆچوون و راو قسەی خۆیان لەسەر رەوشەکەو کاری رێکخراوەیی و چالاکیەکان خستەڕوو و گفتوگۆیەکی تێرو تەسەل سەبارەت بە پرسە هەنوکەییەکان و کارەکانی لقی سۆران خرایە روو.
هەر لەم سۆنگەو بەمەبەستی دیاریکردنی یاریدەدەرێک بۆ بەرپرسی لق و هاوکاربوون لە بەشداری پتری چالاکیەکان و راییکردنی کارەکان، لە کەشێکی هێمن و راوێژکاری بەرێز مامۆستا مەلا رسول حاجی شێخ کارگێڕی لق وەک جێگری بەرپرسی لقی سۆرانی یەکێتی زانایان دەستنیشان کرا. |