یەكێتی زانایان پشتیوانی خۆی بۆ زانایانی ئایینی دووپات دەكاتەوە

دوای ئەو وتانەی ئە وتاری هەینی رابردوو تایبەت بە یاسای وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان لە هەندێك لە مزگەوتەكانی كوردستان گووتران، یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، جارێكی دیكە پشتیوانی خۆی بۆ زانایانی ئایینی دووپات دەكاتەوە‌و، رایدەگەیەنێت، كە یەكێتی زانایانی ئایینی تاكە رێكخراوی نوێنەری زانایانی ئایینی هەرێمی كوردستانە.

لەو بارەوە مەلا عەبدولا مەلا سەعید سەرۆكی یەكێتی زانایان لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی زانایان رایگەیاند: ئێمە هەمیشە بەڵێن دووپات دەكەینەوە، كە داكۆكیكەری مافەكانی زانایانی ئایینی هەرێمی كوردستانین، بەڵام تكاشمان لە مامۆستایانی بەڕێز ئەوەیە، كە پێش هەر حاڵەتێك پێویستە پەیوەندیمان پێوە بكەن، بۆ ئەوەی لە رێگای رەسمییەوە داوكاری‌و سەرنجەكانیان بەرز بكەینەوە، ئەگەر پێویستیش بوو، پێكەوە‌و وەكو خۆی شتەكان لە وتاری هەینی باس بكرێن، بۆ ئەوەی كەسمان تووشی هەڵە نەبین و قسەكانمان وەك هەمیشە خزمەت بە خاك‌و گەل‌و ئایینمان بكەن. بۆ نموونە وشەی جێندەر لە یاسای باری كەسی نەهاتووە، بەڵكو لە یاسای وەزارەتی رۆشنبیری هاتووە، بۆیە بە هیچ شێوەیەك مانای زەواجی نێر لە نێر‌و مێ‌ لە مێ‌ نادات، جا بۆ ئەوەی تووشی ئەو جۆرە لێكدانەوەانە نەبین، پێویستە هەموومان ئاگامان لە یەك بێت‌و، لە یەكەم رۆژی دەست بەكاربوونیشمان ئەوەمان راگەیاندووە، بۆیە وێڕای دووپاتكردنەوەی پشتیوانیمان بۆ تەواوی زانایانی ئایینی هیوادارین لە داهاتوودا باشتر‌و چاكتر لە یەك نزیك ببینەوە.