كۆچباربوونی گه‌زنه‌یی‌و خامۆشبوونی كۆڕی زانایان

Malaaras.rwanduzi@yahoo.com





وشه‌ و قه‌ڵه‌م ، ئاماژه‌ و زمان ، هه‌ڵوێست و هاوسۆزی له‌ ساته‌وه‌ختی ئۆغری دواجارییدا ، هه‌رچه‌ند گوزارشت له‌ لووتكه‌ی لێهاتوویی و لێزانی و لاوچاكیی مامۆستای كۆچكردوو مه‌لا محمدی گه‌زنه‌یی له‌ كایه‌ و كاروانی ئاراسته‌كردنی ئایینی بكه‌ن و ، دووپات له‌ پایه‌داریی ئه‌و كه‌ڵه‌ زانایه‌ له‌ سوارچاكییه‌كه‌ی له‌ بازنه‌ی شه‌ریعه‌تناسی و زانسته‌گه‌لی ئیسلامی و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی زانكۆیی و ، شوێن په‌نجه‌ی ڕه‌نگینی له‌ وه‌رچه‌رخاندن و گونجاندنی چه‌مك و تێگه‌یشتنه‌كانییان له‌ گه‌ڵ پێشهات و تایبه‌تمه‌ندییه‌ هاوچه‌رخه‌كان بكه‌نه‌وه‌ و، له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ پێویستیی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌ گشتی و ، كۆمه‌ڵ و كۆڕی زانایانی ئایینی به‌ تایبه‌تی بۆ ئاماده‌گی كارای مامۆستای ئه‌سڵزاده‌ی ڕه‌حمه‌تی له‌ جوغزی بابه‌ت و پێشهاتی فیقهی و زانستیی ئایینی ده‌ربخه‌ن.


لێ ئه‌سته‌مه‌ ڕاگوزه‌رییانه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌ ئاست ڕه‌هه‌ندی فره‌ مه‌غزای كاریزمایی كۆچكردوو بكه‌ن له‌ ڕووی پشكداربوونی دیار و كاریگه‌ری له‌ ڕابه‌رایه‌تییكردنی جووڵانه‌وه‌ و بزاوتی میانڕه‌وی ئیسلامی چ جای ئه‌وه‌ی گه‌ڕه‌كییان بێت دۆسێی ناسنامه‌ و سه‌ربوورده‌كانی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ زێڕینن به‌ ده‌سكه‌وت و ده‌ستباڵایی ئایینی و زانستی ؟!!! ، هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی گه‌لێك ئازاربه‌خشه‌ له‌ باس و بۆنه‌ی وه‌فاتی گه‌وره‌ زانایایه‌كی وه‌كو گه‌زنه‌ییدا به‌ خه‌یاڵێكی پڕ حه‌سره‌ته‌وه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دوێنێیه‌كیی شیرینی ، شیرینتر له‌ لوتفه‌ لێوانلێوه‌كه‌ی له‌ نه‌رمی ، دوێنێیه‌كی دڵگیری ، دڵگیرتر له‌ دڵه‌ هه‌میشه‌ واڵاكه‌ی بۆ پێشوازی و په‌یوه‌ستیی به‌ هاوپیشه‌ و هاوڕێباز و هاوتاكانیی له‌ زانایان ، دوێنێیه‌كی گه‌رم و گوریِ ، گه‌رم و گوڕتر له‌ گرجوگۆڵییه‌كه‌ی بۆ خزمه‌تی زانست و زانستخوازان و جۆشدانه‌وه‌ و خرۆشاندنی ڕۆحییه‌تی دینداریی و خواناسیی و خێرخوازیی ، سڵه‌مینه‌وه‌یه‌كی سه‌ركێشانه‌یه‌ له‌ گۆشه‌ی یادگارییه‌كی ڕاچڵه‌كێنه‌ره‌وه‌ له‌ڕێی ده‌ستنووس و به‌رهه‌مه‌ دانسقه‌كانییه‌وه‌ ئاوێزانی سه‌ربوورده‌كانی ببینه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ نووسین و قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی كه‌ وه‌ك سیمبولی په‌سندكراویی ڕه‌حمه‌تی له‌ ڕه‌وت و ڕێبازه‌كه‌یدا نمایش ده‌بوو كه‌ تا وه‌غه‌ركردنیشی له‌ ژووان و ژانی عه‌وداڵبوونیاندا له‌ تاقه‌ت نه‌كه‌وت و تا ده‌هات چیرۆكی داستانی ئه‌و عه‌شقه‌ مه‌زنه‌یان قووڵتر ده‌بوویه‌وه‌ .


په‌رتووك و قه‌ڵه‌مێك وه‌كو دوانه‌یه‌كی شایه‌تحاڵ بۆ تاقه‌ گه‌نجینه‌ و شاكار و فه‌رهه‌نگیی مامۆستا خۆیان ده‌نوێنن كه‌ هه‌میشه‌ شكۆمه‌ندیی و شكۆداریی خۆی له‌و دونیا فانییه‌دا پێ ده‌چنییه‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ خه‌ڵوه‌تی خانه‌قاكه‌ییدا په‌ژموورده‌ و كه‌ساس ئاسا شینی ماته‌مینی كۆچباربوونی ئه‌ویان به‌ كوڵتر كردووه‌ و ، نه‌سره‌وتنی خۆیان له‌ هاونشینی و هاوده‌می جێگه‌ چۆلبووه‌كه‌ی به‌ قوڵپی گریان و شه‌پۆڵی ئه‌شكی گه‌رمه‌وه‌ ده‌چڕنه‌وه‌ ، ئه‌و كاته‌ی له‌ هه‌ولێر ده‌مخوێند زۆر به‌ ووردی سه‌رنجم دابوو له‌ ناو هاوڕێ و دۆستانم و هاوته‌مه‌نه‌كانم ته‌نانه‌ت له‌ نێو كۆڕی مامۆستا و زانایانی ئایینیش زۆر باسی كه‌سایه‌تی و دانایی و زانایی و ویقاری ڕه‌حمه‌تییان ده‌كرد و ، هه‌ستم ده‌كرد ڕیشه‌ی تاسه‌باریی و تامه‌زرۆییه‌كی قووڵ له‌ ناخیاندا ڕووچوو بوو بۆ ناسین و ئاشنابوونی مامۆستای ڕه‌حمه‌تی به‌ڵكه‌ بۆ دیدار و دیده‌نییه‌ شیرینه‌كه‌ی ، به‌نده‌ش له‌وساوه‌ هه‌ڵوه‌دا بووم له‌ ده‌رفه‌تێكدا بۆم بلوێت تینووێتی بیناییم به‌ نیگایه‌كی ڕووبه‌ڕوویدا بشكێنم.



ئاخر ئه‌و كات سه‌رده‌مانێك بوو وه‌كو فه‌قێییه‌كی گه‌ڕیده‌ و گوشاد به‌ خه‌ڵوه‌تخانه‌ی حوجره‌ی مزگه‌وت هه‌ر ئه‌و حه‌ز و حزووره‌ له‌ ناخمانه‌وه‌ چه‌كه‌ره‌ و چرۆی ده‌كرد كه‌ مامۆستایه‌كی ئایینی پایه‌به‌رز به‌ قسه‌یه‌كی نه‌سته‌ق و ئامۆژگارییه‌كی زانایانه‌ گڕ به‌رداته‌ چه‌خماخه‌ی زانستخوازییمان و بۆ هه‌ڵگرتنی مه‌شخه‌ڵی كاروانه‌كه‌ سوورتر و مكوڕترمان بكات ، ئێواره‌یه‌كی ئه‌رخه‌وانی به‌هارییانه‌ له‌ ساڵی 2001 به‌ ئاواتی ئه‌وساكه‌م گه‌یشتم و ، شه‌رمنانه‌ و فه‌قێیانه‌ چوومه‌ خزمه‌تی و چاوه‌ڕوان بووم به‌ ساده‌ییه‌وه‌ لام لێبكاته‌وه‌ و به‌ ساده‌ییش به‌ڕێم بكا به‌ تایبه‌ت كه‌ مامۆستا له‌وكاتتدا به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌زیری ئه‌وقاف و سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان بوو زۆر سه‌رقاڵ بوو به‌ ڕاییكردنی كاروباره‌كانی و به‌ ئاسایی نه‌ده‌پڕژایه‌ سه‌ر ته‌واوی كار و ئه‌ركه‌كانی دیكه‌ی ، لێ كه‌ لێی نزیك بوومه‌وه‌ و خۆم له‌ به‌رده‌مییدا بینییه‌وه‌ شه‌پۆڵی شه‌رمێكی قووڵتر و ئه‌ستوورتر سه‌راپای ڕووخسار و ناخی داپۆشیم كاتێك به‌و پێشوازیی و پێكه‌نینه‌ هاته‌ به‌رده‌مم پێكه‌نینێكی هێمنانه‌ كه‌ ته‌واوی سه‌رلێوه‌كانی یه‌كپارچه‌ ته‌نیبوو وه‌ك بڵێی له‌ گه‌ڵ ڕۆڵه‌یه‌كی خۆی وه‌ستاوه‌ و له‌ قووڵایی میهره‌بانییه‌وه‌ قسه‌ی له‌ گه‌ڵ ده‌كا ، كاتێكیش پرسیاری لێكردم ناوم چییه‌ و خه‌ڵكی كوێم ؟ هه‌ر كه‌ ووتم خه‌ڵكی رواندوزم و لای مامۆستا ملا محمدامین رواندوزی ده‌خوێنم موچڕك و ته‌زووێكی خێرام له‌ ڕووخساریدا به‌دیكرد و یه‌كڕاست ده‌ستی ڕاستی كێشا به‌ سه‌ر شانمدا و ، ووتی سه‌د مه‌رحه‌با هه‌زار مه‌رحه‌با فه‌قێی رواندوزی به‌ ڕاستی هه‌موومان قه‌رزاری مێژوو و ناوبانگی زانستیی رواندوزین و له‌ ئاست ڕابردووه‌ ڕووناكه‌كه‌یدا به‌ ویقاره‌وه‌ ده‌ڕوانیین .



به‌ ته‌رزێك باسی زانایانی ئایینی قۆناغه‌ زێڕینه‌كانی رواندوزی كرد كه‌ له‌ گه‌ڵ هه‌ر قسه‌یه‌كیدا لێزمه‌یه‌ك له‌ وه‌فا و ئه‌مه‌كداریی و حورمه‌تی زانایانه‌ له‌ ده‌می موباره‌كی ده‌تكا و له‌ پێشمدا شه‌پۆڵی ده‌دا ، به‌ ڕاستی له‌ ساته‌وه‌ختێكی كورتتر له‌ چاوترووكان منی به‌ چه‌ند ڕسته‌یه‌كی شیرین له‌ قسه‌كانی كرد به‌ كه‌سێكی دیكه‌ و له‌ هه‌ڵوێستێكی دوژواره‌وه‌ بۆ پانتایی دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێشتر و ئارامتر ئاراسته‌ی كردم وه‌ك بڵێی هه‌رگیز هه‌ستم به‌ نامۆیی و نه‌ناسین و نه‌بینینی ئه‌و زاته‌ نه‌كردبێت و ، زۆر سه‌رسام بووم كه‌ پله‌داریی دونیایی له‌ مامه‌ڵه‌ و موماره‌سه‌ی مه‌لایه‌تی داینه‌بڕیبوو به‌ڵكه‌ شه‌ڕه‌فمه‌ندانه‌ پارێزگاریی له‌ سپێتیی مێزه‌ری مه‌لایه‌تی و پایه‌ و مێژووه‌كه‌یی و مامه‌ڵه‌ی مه‌لاییانه‌ی خۆی كردبوو و ، به‌ كرده‌یی بۆ هه‌مووانی سه‌لماند كه‌ پایه‌ی مه‌لایه‌تی و ئایینداریی شتێك نییه‌ به‌راورد بكرێ له‌ گه‌ڵ هه‌ر شتێكی دیكه‌ی دونیاییدا جا چلۆن ئه‌شێت سه‌ودایی پێبكرێت و له‌ شكۆكه‌ی كه‌مبكرێته‌وه‌ !!! .


بۆیه‌ تا ئێستاش ئه‌و بیره‌وه‌رییه‌ تایبه‌ته‌ له‌ خه‌یاڵدانمدا ده‌خولێته‌وه‌ و قسه‌ خۆشه‌كانی له‌ گوێچكه‌كانمدا ده‌له‌رێنه‌وه‌ و، ئه‌و ڕه‌وشته‌ به‌رز و پاكه‌ی له‌ مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وته‌كه‌یدا به‌دیمكرد زۆر جیاواتر و هانده‌رتر بوو بۆ په‌روه‌رده‌كردن و ئاراسته‌كردنی نه‌وه‌یه‌كی تینوو و تاساوی وه‌ك ئێمه‌مانان كه‌ هۆگر و هه‌ڵگری كۆڵێك هه‌نسكی غه‌ریبی و دووری و دابڕان له‌ كه‌س و كار و خاك و شاره‌كه‌مان بووین و له‌ هه‌ر كاتێك زیاتر پێویستمان به‌ ئاوڕدانه‌ویه‌كی ئاسووده‌به‌خشی وه‌ها هه‌ڵوێستێك هه‌بوو كه‌ به‌ ده‌گمه‌ن ڕێك ده‌كه‌وێ مامۆستایه‌كی هاوشێوه‌ و چه‌شنی ڕه‌حمه‌تی به‌و مامه‌ڵه‌ نموووه‌ییه‌وه‌ ڕه‌فتار بكات و ڕه‌گی شه‌رمنی و په‌شۆكاوی له‌ ناخماندا هه‌ڵبته‌كێنێ و بمانباته‌وه‌ بۆ باوه‌شی ئۆقره‌یی و ئاسووده‌یی ، ئه‌و دیداره‌ به‌ ته‌نها ده‌سپێك و دوماهی دیده‌نیمان نه‌بوو به‌ڵكه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ بووه‌ ده‌روازه‌یه‌ك كه‌ چه‌ند جارێكی دیكه‌ پێی شاد ببمه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ و به‌ ناسراوییه‌كی زیاتره‌وه‌ شاره‌زای پایه‌ و پێگه‌ و كه‌سایه‌تییه‌ هه‌ره‌ به‌رزه‌كه‌ی ببم و ، له‌ ناوبانگ و پێشڕه‌ویی ئه‌و له‌ نێو كۆڕ و مه‌جلیسی زانایانی ئایینی دڵنیاببمه‌وه‌ و، ئه‌و ڕاستییه‌م بۆ ڕوون ببێته‌وه‌ كه‌ مامۆستای كۆچكردوو نه‌ك هه‌ر له‌ نێو هاوته‌مه‌ن و هاوتاكانییه‌وه‌ زانایه‌كی ئایینی پێشه‌نگ بوو به‌ڵكو له‌ هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وتێكیدا له‌ گه‌ڵ هه‌موو كه‌سێكدا به‌ جیاوازی ئاستی ته‌مه‌ن و كه‌سایه‌تی زانایه‌كی ئایینی و مامۆستایه‌كی زه‌نگین و زێده‌ زیته‌ڵ بوو ، بۆیه‌ كۆچباربوونی مامۆستا و دابڕانی یه‌كجاره‌كیشی له‌ جیهانی ئیسلامی به‌ ته‌نیا كۆچی زانایه‌كی ئایینی نه‌بوو ، به‌ڵكه‌ كۆچكردنی بژارده‌یه‌ك و خه‌رمانێكی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو له‌ ڕه‌وشت و ڕه‌فتاریی به‌رز كه‌ مه‌گه‌ر به‌ ناوازه‌یی ئه‌گینا قه‌ناعه‌تم وایه‌ ده‌گمه‌نن ئه‌وانه‌ی بتوانن به‌ ئاسانی په‌ی به‌ ته‌واویی و سه‌راپاییه‌كه‌ی مامۆستاییه‌تی ئه‌و ببه‌ن و ، گه‌زنه‌ییه‌كی تر له‌ به‌ژن و باڵایه‌كی دیكه‌ ببینینه‌وه‌ .


مخابن شۆكی هه‌واڵی كۆچكردنی ڕه‌حمه‌تی هه‌موومانی له‌ غه‌فڵه‌ته‌وه‌ ڕاچڵه‌كاند و كۆڕی زانایانی ئایینی خامۆشكرد و سیما و ڕووخساره‌ شیرینه‌كه‌ی خۆی بۆ دواجار لێ شاردینه‌وه‌ و ، له‌ كاتێكی ناسك و هه‌ستییار له‌ جوڵانه‌وه‌ و ڕه‌وتی ئایینی میلله‌تی كورددا ماڵئاواییه‌كی هه‌تاهه‌تایی پێسپاردین و ، كه‌لێنێكی به‌رفراوانی بۆ جێهێشتیین كه‌ ئه‌سته‌مه‌ به‌ زوویی و به‌ ئاسانی پڕ بكرێته‌وه‌ ، هه‌زاران ڕه‌حمه‌ت له‌ گیانی پاكت مامۆستای پایه‌دار كه‌ ئێستا شایه‌نیی ئه‌وه‌یت پێت بڵێین : زانایانی ئایینی كوردستان و عێراق قه‌رزاری زانست و كار و كۆششه‌ گه‌وره‌ و گرانه‌كانتن و، دڵنیا و ئاسووده‌ به‌ له‌ گۆڕی پڕ نوورت كه‌ ناو و ناوبانگه‌كه‌ت به‌رز و شیرینه‌ بۆیه‌ ووچانیی ئه‌به‌دی بده‌ و ئێمه‌ش هه‌ر دێینه‌وه‌ جێ نزرگه‌ و هه‌واره‌كه‌ت و له‌ ته‌ك تۆدا ده‌گیرسێینه‌وه‌ ، بۆیه‌ له‌ ئاست كۆستێكی زێده‌ سه‌ختی وه‌ك وه‌فاتی مامۆستادا به‌ دڵێكی ڕازی به‌ ئیراده‌ی خودای په‌روه‌ردگار ده‌پاڕێینه‌وه‌ كه‌ سه‌بوریی و ته‌مه‌ندرێژییش ببێته‌ به‌شی ئێمه‌مانان و خانه‌واده‌ و كه‌سوكاره‌كه‌ی ، انا لله‌ و انا إلیه‌ راجعون .