ڕوونكردنەوەیەك لە لقی ڕانیەی یەكیەتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستانەوە دەربارەی ڕووداوی گۆڕستانی چوار قووڕنە

شەوی 16/17/12/2010 لە گۆڕستانی چوار قووڕنە دەستدرێژی كراوەتە سەر ژمارەیەكی زۆر لە قەبرەكان و كێلیان شكێنراوەو نووسینی سەر كێلەكانیان شێوێنراوە، بە تایبەتی ئەو كێلانەی ئایەتی قورئانیان لەسەر نووسراوە ئەمەش نیگەرانی و ناڕەزایی لەلایەن سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری و دەڤەری ڕاپەڕین بە تایبەتی درووست كردووە چونكە ئەوە چەندە بێ‌ ڕێزی كردنە بەرامبەر بە مردووەكان بگرە هێندەو زیاتریش دڵشكاندن و هەست بریندار كردنی كەس و كاریانە، بۆیە ئێمە لە لقی ڕانیەی یەكیەتی زانایانی ئاینی ئیسلامییەوە ئەو جۆرە كارە ناشایستەو تێكدەرانەیە ئیدانە دەكەین و ڕایدەگەیەنین كە ئەوە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام و عورفی ڕەسەنی كوردەوارییە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لە دینی ئیسلامدا بە ڕێزەوە هەر لەو كاتەی كە نوگفه یەكە لە ڕەحمی دایكیداو دواتر لە ژیان و لە ناو گۆڕیشدا پارێزگاری و ڕێزلێگرتنی واجبە، ناو لەسەر نووسین و كێل چەقاندنیش بە تایبەتی كێلی لای سەر بۆ ناسینەوەی قەبرەكە لە فیقهی ئیسلامیدا بە ڕوونی باسكراوەو لای زانایان ئەگە سونەتیش نەبێت ڕێگە پێدراوە، فتوای زانكۆی ئەزهەروو لیژنە فتواكانی هەموو جیهانی ئیسلامیش هەر لەسەر ئەوەن، بۆیە داواكارین لە سەرجەم خەڵكی خۆشەویستی سنوورەكەمان بەو پەڕی هەست بە مەسئولیەتكردن هەڵس و كەوت بكەن و بە هەموو لایەكمانەوە پارێزگاری لە ژیان و گوزەران و كەش و هەوای ئارامی كوردستان بكەین كە ناحەزان چاویان بە بینینی هەڵنایە.
لە كۆتایدا لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە گەل و وڵاتمان بپارێزێ‌ و سەرفرازی دوونیاو دواڕۆژمان بكات.

لقی ڕانیەی
يەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان