گرنگی و بایه‌خی كات

Hemn.soran@gmail.com


پێشه‌كی
له‌ڕاستیدا شكایه‌تی لاوان و خه‌ڵكی تریش به‌گشتی له‌ به‌تاڵی و فه‌راغ حه‌قیقه‌تێكه‌و ناكرێت پشتگۆێ بخرێت، فه‌راغ و به‌تاڵی له‌ ژیانی مسوڵماندا به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر خه‌له‌ل و ناته‌واوییه‌كی گه‌وره‌، كارێكی وه‌ها زۆر له‌ خودی به‌تاڵییه‌كه‌ خراپترو كوشنده‌ تره‌،چۆن ئێمه‌ به‌شێكی ژیانمان به‌تاڵ و حه‌تاڵه‌و نازانین چی بكه‌ین و له‌ چیدا سه‌رفی بكه‌ین؟!

خۆشه‌ویستانم! به‌ڕاستی من سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ له‌وه‌ی كه‌ ده‌ڵێت: به‌تاڵم و نازانم چی بكه‌م، من ناڵیم: نییه‌، به‌ڵی ئه‌م به‌تاڵی و بۆشاییه‌ی ژیان بوونی هه‌یه‌و هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام من له‌ بوونی گرفته‌كه‌ خۆی سه‌رسامم، چۆن فه‌راغ و به‌تاڵی خۆی ده‌كوتێته‌ هه‌ست و بیروهۆش و كاتی مرۆڤی ئیمانداره‌وه‌ ، تۆ ده‌زانیت كه‌ ئه‌م ته‌مه‌نه‌ دیاری و به‌خشینێكه‌، وه‌ دوو نیعمه‌ت و خۆشی هه‌ن كه‌ مرۆڤه‌كان لێی بێ ئاگان: ته‌ندروستی و له‌شساغی وه‌ به‌تاڵی و بێكاری، ده‌ی وریابه‌و ئه‌م ته‌مه‌نه‌ت بقۆزه‌ره‌وه‌و له‌ده‌ستی مه‌ده‌، به‌دووری كه‌ له‌وه‌ی كه‌ بڵێن: فه‌راغ و ده‌ستبه‌تاڵی تێدایه‌، یان ئه‌وه‌ی لای كه‌سانی تر پێی ده‌وترێت فه‌راغ، براو خوشكی شیرینم، وریابه‌و ته‌مه‌نت به‌فیڕۆ مه‌ده‌، چونكه‌ به‌ڕاستی ئه‌م‌ ته‌مه‌نه‌ ژمێردراوه‌و له‌سه‌رت حساب كراوه‌ و ده‌توانیت له‌ شتانی به‌ سوود و به‌ كه‌ڵكدا به‌سه‌ری به‌ریت، ئای چه‌ندێك ئه‌رك و فه‌رمانه‌كان زۆرن و كاته‌كانیش چه‌ندێك كه‌من، دووركه‌وه‌ له‌م دروشم و قسه‌ بێ نـــــاوه‌ڕۆكانـــه‌ی كه‌ ده‌ڵێن بــــــــــا كاتی خۆمان بكوژین و نازانین چی بكه‌ین.

كات له‌ قوڕئاندا
بۆ ڕێكخستنی‌ كاته‌كانمان له‌ ژیانماندا: له‌ سه‌ره‌تادا چه‌ند ئایه‌تێك له‌ قورئانی‌ پیرۆزدێنینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزانین كه‌ ئیسلام چه‌نده‌ گرنگی‌ داوه‌ به‌ كات كه‌ سه‌رمایه‌ی‌ ئینسانه‌، هه‌ناسانێك و ساتانێكن كه‌ بڕۆن نایه‌نه‌وه‌! [خوا]ی‌ گه‌وره‌ (له‌به‌ر گرنگی‌ زه‌مه‌ن و كات): سوندی‌ پێ خواردووه‌، (كه‌ ته‌نها بۆ خوا دروسته‌ سوێند به‌ دروستكراوه‌كانی‌ خۆی بخوا)، ده‌فه‌رموێ‌:

1- [ۆالْعَصْڕ ] واته‌ : سوێند به‌كات و رۆژگار كه‌چه‌نده‌ گرنگ و به‌نرخه‌، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشه‌ خوای گه‌وره‌ سوێندی پێ ده‌خوات، چونكه‌ (كات) بۆ مرۆڤه‌ زیره‌ك و وریاكان مایه‌ی به‌ختیاریی و سه‌رفرازییان بووه‌، هه‌وڵیان تیاداوه‌ بۆ ئازادیی و، سه‌ربه‌ستیی خۆیان، هیچ پشوویان تیا نه‌داوه‌.. به‌ڵام بۆ گه‌لانی ته‌مه‌ڵ و نه‌زان، بۆته‌ مایه‌ی ژێر ده‌سته‌یی و به‌دبه‌ختیان، ئای چۆن چه‌ندان ساڵ دێت و ده‌ڕوات، گه‌لانی ژێر ده‌سته‌ هه‌ر ده‌ناڵێنن؟ ده‌سا بۆ راستنابنه‌وه‌و، له‌ عه‌صر سود وه‌رگرن، وه‌ك په‌یامبه‌ر (صلی الله علیه و سلم) راپه‌ڕیی و، سوودی لێوه‌ر گرت و ده‌ره‌نجام گه‌له‌كه‌ی خسته‌ سه‌ر فرازییه‌وه‌ ،
2- [وَاللَّيْلِ إِذَا يَغْشَىٰ] واته‌ : سوێند به‌شه‌و كاتێ به‌ به‌تاریكی خۆی رۆژ داده‌پۆشێ.
3- [ۆالنَّهَاڕ إِژَا تَجَلَّیٰ] واته‌ : سوێند به‌رۆژ كاتێ به‌هۆی قورسی خۆره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ و جیهان روون ده‌كاته‌وه‌.
وه‌ جگه‌ له‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزانه‌ زۆر ئایه‌تی تر هه‌یه‌ له‌ قورئانی‌ پیرۆز باسی گرنگی كات ده‌كه‌ن وه‌كو :
[وَالْفَجْرِ -وَلَيَالٍ عَشْرٍ- وَالشَّفْعِ وَالْوَتْرِ-وَاللَّيْلِ إِذَا يَسْرِ]ألفجر: 1-4، و: [وَاللَّيْلِ إِذْ أَدْبَرَ- وَالصُّبْحِ إِذَا أَسْفَرَ]ألمدثر: 33-34 ......هتد

كات له‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ردا
له‌ فه‌رمووده‌ی‌ پێغه‌مبه‌ریش (درودی‌ خوای‌ لێبێت) زۆر داكۆكی‌ له‌ كات كردۆته‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ كات به‌فیڕۆ نه‌ده‌ین، بۆ نمونه‌: ده‌فه‌رموێ‌: ((هیچ به‌نده‌یه‌ك ناتوانێ‌ هه‌نگاوێك هه‌ڵدات له‌ ڕۆژی‌ دووایی تاوه‌كو له‌ چوار شت پرسیاری لێده‌كرێت! یه‌ك له‌و چوار پرسیارانه‌ش: پرسیار ده‌كرێت له‌ته‌مه‌نی‌ ئاخۆ چۆن و له‌ چیا سه‌رفی كردووه‌)) ته‌مه‌نیش په‌یوه‌سته‌ به‌ كاته‌وه‌ .
له‌ فه‌رمووده‌یه‌كی‌ تر هاتووه‌: ((نِعْمَتَانِ مَغْبُونٌ فِيهِمَا كَثِيرٌ مِنْ النَّاسِ: الصِّحَّةُ وَالْفَرَاغُ)) رواةالبخاري ، واته‌: دوو نیعمه‌ت و به‌خششی‌ [خوا] هه‌یه‌ زۆرێك له‌خه‌ڵكی‌ لێی بێئاگان (تاوه‌كو له‌سه‌ری‌ تێده‌په‌ڕن، یا له‌سه‌ریان تێ‌ ده‌په‌ڕێت)! ئه‌وانیش: له‌ش ساغی‌ و ده‌ستبه‌تاڵیه‌.
ئینجا بزانه‌ [ئایات و فه‌رمووده‌] له‌سه‌ر وه‌قت و كات یه‌جگار زۆره‌، كات: ده‌ڕوا ناگه‌ڕێته‌وه‌ تا ڕۆژی‌ دووایی ده‌بێته‌ شاهێد له‌سه‌رت یا ده‌بێته‌ شاهێد بۆت ، [خوا]ی‌ گه‌وره‌: ساته‌كانی‌ ته‌مه‌نمان بۆ بكات به‌شاهێد و له‌سه‌رمان نه‌بێته‌ شاهێد إنشا‌والله،
كات له‌ ووته‌ی زانایاندا
*عبدالله ی‌ كوڕی‌ مه‌سعود ده‌فه‌رموێت : من ڕكمه‌ له‌و پیاوه‌ی‌ كه‌ به‌ ده‌ستبه‌تاڵی بیبینم! نه‌ بۆخۆی له‌ ئیشێكی‌ قیامه‌تی‌ دایه‌، نه‌ له‌ ئیشێكی‌ (ڕێگه‌ پێدراوی‌) دونیایی دایه‌! هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێت له‌ هیچ شتێ ئه‌وه‌نده‌ په‌شیمان نه‌بوومه‌ته‌وه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ ئه‌و ڕۆژه‌ی كه‌....
خۆره‌كه‌ی‌ ئاوا بووبێت و (ڕۆژێك) له‌ ته‌مه‌نم كورت ده‌بێته‌وه‌و به‌ره‌و مردن نزیك ده‌بمه‌وه‌و كرده‌وه‌ی‌ چاكیشم زیاتر نه‌بووبێتن!!!

*ئیبن عبدالبر له‌ (جامع بیان العلم) دا هێناویه‌تیه‌وه‌: كه‌ نه‌عیم ی‌ كوڕی‌ حومادی‌ ده‌ڵێَ: به‌ ئیبن المبارك یان گوت: تاوه‌كو كه‌ی‌ تۆ به‌دوای‌ فێربوونی‌ زانسته‌وه‌ ده‌بیت؟ ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ووتی‌: (تاوه‌كو مردن ده‌مگاتێ پشتیوان به‌خوا)،

* ئیمام (حسن بنا) ش ڕه‌حمه‌تی خوای لێبێت ده‌ڵێ‌ :

ته‌مه‌ن واتا كات پێویسته‌ زۆر په‌رۆش بین بۆی ، چونكه‌ كات ژیانه‌ ته‌نها به‌شێكی كه‌میشی له‌ شتی بێ‌ سوود به‌ فیڕۆ مه‌ده‌ كاتیش به‌رده‌وام داوای كاری جدی و به‌رهه‌م دارمان لێ ده‌كات ، دنیاش به‌ هۆكاری هێز و خۆ ئاماده‌كردن ده‌ڕوات كه‌ ئێمه‌ش تا ئێستا له‌ دونیای قسه‌و خه‌ون دا ماوین.

* ئه‌بوبه‌كری سدیق خوا لێی ڕازی بێت له‌و كاته‌ی له‌سه‌ره‌مه‌رگدا بوو، وتی: ئه‌ی عومه‌ر: (( إن لله حقاً بالنهار لا یۆدی باللیل، وحقاً باللیل لا یۆدی بالنهار)) واته‌ : (خوا سبحانه‌ وتعالی چه‌ند حه‌ق و مافێكی هه‌یه‌ له‌ ڕۆژدا (ئه‌نجام ده‌درێن) كه‌ له‌شه‌ودا ناكرێن، وه‌ چه‌ند مافێكی به‌سه‌رمانه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌ودا ده‌كرێن و له‌ ڕۆژدا ئه‌نجام نادرێن ) جا كاتێك مافی ڕۆژت له‌ ڕۆژا داو مافی شه‌ویش له‌ شه‌ودا، مافی هه‌موو ڕۆژه‌كانت له‌ كاتی خۆیدا دا ئه‌و كات ئیتر به‌تاڵی و فه‌راغت نامێنێت، له‌ راستیدا ته‌نها وێنه‌ی ئه‌م ئامۆژگارییه‌ كاریگه‌رو به‌هێزه‌ به‌سه‌ بۆ گرنگی قۆستنه‌وه‌ی كات و ته‌مه‌نی مرۆڤ، هه‌روه‌ك عومه‌ر خوا لێی ڕازی بێت به‌م كاره‌ هه‌ستا، ده‌بینین له‌و په‌ڕیدا بوو له‌ علیم و جیهادو بانگه‌وازو ته‌گبیركردنی كاروباری وڵات ، به‌و عه‌دل و دادگه‌رییه‌ی كـــــــه‌ وێنه‌ی ، تاكو ئه‌مڕۆش له‌ مرۆڤایه‌تیدا نه‌بینراوه‌ مه‌گه‌ر دادگه‌ریی پێغه‌مبه‌ران.

به‌ر له‌ ماڵ ئاوایی
سه‌عات له‌و شتانه‌یه‌ كه‌ ئومه‌تی ئیسلامی زۆرترین سودی لێ وه‌رگرتووه‌ له‌كاتی باڵاده‌ستی شارستانیه‌كه‌یدا له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌جۆرێك له‌ كات تێگه‌یشتوون كه‌ كه‌س وه‌كو ئه‌وان لێی تێنه‌گه‌یشتووه‌ ، موسوڵمانێك ده‌ڵێت كه‌سێكی بیانی چاره‌كه‌ سعاتێك دواكه‌وتن له‌چوونم بۆلای پێی ووتم نوێژده‌كه‌ی ؟ ووتم به‌ڵێ‌ ، ووتی ڕه‌مه‌زان به‌ڕۆژووده‌بیت ؟ ووتم به‌ڵێ‌ ووتی نوێژی هه‌ینی له‌كاتی خۆیدا ده‌كه‌یت؟ ووتم به‌ڵێ‌ ، ووتی ئیشی موسڵمانان زۆرسه‌یره‌ ئاینه‌كه‌یان هانیان ده‌دات و داوای شتانێكیان لێده‌كات كه‌ ئه‌وان لێی بێئاگان ، مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌موو ئه‌و كارانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كاته‌وه‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلام فێره‌ ڕێكخستنی كاتیان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ بۆ هه‌موو كارێك كاتێك دیاری بكه‌ن و له‌ كاتی خۆی به‌ ئه‌نجامی بگه‌یێنن.

كات به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر خاوه‌نه‌كه‌ی له‌ڕۆژی دواییدا،بێ‌ باوه‌ڕان خۆزگه‌ ده‌خوازن كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژیانی دونیا بۆ ئه‌وه‌ی كاتیان به‌كاربهێنایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نیعمه‌تی كات به‌كاربهێنن كه‌ خوای گه‌وره‌ به‌خشیویه‌تی به‌مرۆڤ

كه‌واته‌ كات گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی ژیانی مرۆڤ چونكه‌ كات خۆی له‌ خۆیدا ژیانه‌ گه‌نجینه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤه‌ , به‌رێزه‌كه‌م ! كات زۆر له‌ وه‌ گرینكتره‌ كه‌ تۆ بیری لێده‌كه‌یته‌وه‌ , هه‌ر وه‌كو چۆن كات به‌فیڕۆدان له‌ شتانێكی بێ‌ سوودی وه‌ك , قومارو یاری شه‌یتانی , له‌ سه‌ر شه‌قام و به‌رده‌رگا وه‌ستان بۆ ناموسی خه‌ڵك ، دانیشتن له‌به‌رامبه‌ر مسلسلاتی بێ‌ ئابڕۆ و كه‌ناڵانێكی ڕه‌وشت تێكده‌ر ، چوون بۆ شوێنی‌ گوناهو تێكه‌ڵی‌ حه‌ڕام له‌ نێوان كوڕ و كچ.....هتد گوناه و تاوانن ، ئاواش گه‌ڕان به‌دوای زانست وزانیاری سوود به‌خش یاخود شه‌وو ڕۆژمان و كاته‌كانمان نه‌خشه‌ داڕێژ كرد بۆ كاسبی حه‌ڵاڵ و یاخود ده‌وامێكی ڕێك و پێك گه‌ر هه‌یبێتن ، كات بۆ ماڵه‌وه‌، بۆ مناڵ و یاخود خوشك و برا، بۆ لای‌ براده‌رێك كه‌ سوودی‌ دین و دونیای‌ هه‌بێت ، بۆ سه‌ردانكردنی نه‌خۆش و خزم و كه‌س و كار ، بۆ خوێندنه‌وه‌ی په‌رتووكی به‌سوود ، هه‌روه‌ها له‌به‌ركردنی‌ قورئانی‌ پیرۆز، بۆ نوێژه‌كان كه‌ بزانی‌ ئه‌م شه‌وو ڕۆژه‌ چه‌ند نوێژت به‌ كۆمه‌ڵ له‌ مزگه‌وت ئه‌نجامداوه‌، بۆ ده‌رس و ده‌ور كردنه‌وه‌، بۆ زیكرو یادی‌ [په‌روه‌ردگار]،...هتد هه‌مووی خێره‌و عیباده‌تی خوای گه‌وره‌یه‌.

به‌ڕاستی‌ زۆر زه‌رووره‌ هه‌ر كه‌سه‌ نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ی تایبه‌ت له‌ شه‌وو ڕۆژ بۆ خۆی دابنێ‌ ، وه‌ بۆ ئه‌وه‌یش خوانه‌خواسته‌ له‌وانه‌ نه‌بین كه‌ له‌ڕۆژی‌ دووایی ده‌ستی‌ په‌شیمانیان ده‌گه‌زنه‌وه‌ بۆ كات و ته‌مه‌ن به‌فیڕۆ دانیـــــــان و داوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دونیا ده‌كه‌ن كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دونیا ، به‌ڵام هه‌رگیز ناگه‌ڕێنه‌وه‌.