لەسەر ئاستی باڵا یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن

ئەمرۆ 5ی8ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بە یاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و د.حسن موفتی و د.عومەر مرۆ و د.حسن خۆشناو د.دلشاد گەڵاڵی و د.عبدالله شێرکاوەیی ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان سەردانی بەرێز د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیان کردو لەسەر چەند پرسێکی هەنوکەیی و پەیوەست بە رەوشی ئایینی و زانایان کۆبوونەویەکی گرنگ بەرێوە چوو.


لە دانیشتنەکەدا سەرەتا بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وێڕای خۆشحاڵی و سوپاسی پێشوازی گەرمی وەزیری ئەوقاف، تیشکی خستە سەر ئامانجی دیدارەکەو دوا پێشهات و پەرەسەندنەکان لەرووی ئایینی و پیشەیی و ، ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف تەواوکەری یەکترن و گرنگە لەسەر پرسە هاوبەشەکان هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی بتواندرێ خزمەتی زیاتر لە رووی ئایینی و نەتەوەیی پێشکەش بکرێت.


 لە بەشێکی تری قسەکانی ئاماژەی بە پێویستی کارکردن بۆ پاراستنی بەهای دینداری و چوارچێوەی ئایینی لە هەرێمی کوردستان کردو گوتی: ئەرکی هەموو لایەکمانە تایبەتمەندی ئایینی هەرێمی کوردستان بپارێزین و رێگە نابێ رێگە بدرێت ئاراستەو دەست و هزری نامۆ بە ڕێڕەوی فکری و ئایینی سەدان ساڵەی خەڵکی موسڵمانی کورد جێی بێتەوە، یان لە پەنای ناوی جیاواز سوکایەتی بە سیمبولە ئایینیەکان بکرێت، هەروەها ئاماژەی بە رۆڵی زانایانی کورد لە رابردوو و ئێستاو پرسی پەرەپێدانی مامۆستایانی خۆبەخش و بایەخدانی پتر بە وتاری هەینی و رێکخستنەوەو گەشەپێدانی بە شێوەیەک لە ئاست واقع و خواستی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەک تەئکیدیشی لەوە کردەوە کە کردنەوەی زانکۆی ئیسلامی پێویستی بە کارو هەنگاوی خێراتر هەیە چونکە چارەسەری زۆرێک گرفتی ریشەیی لەهەرێمی کوردستان دەکات.


دواتر بەرێز د.پشتوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکە دەربڕی و سوپاسی خزمەت و هەڵوێستەکانی یەکێتی زانایانی کردو ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی زانایان لە خزمەتی ئایینی و نیشتمانی داو گوتیشی: هەرچیەک لە پێناو پێشخستنی رەوشی ئایینی و خزمەتی زانایان و مزگەوت بێت دەیکەین و پاڵپشتی هەنگاوەکان دەبین بۆ سەرخستن و پاراستنی تایبەتمەندی ئایینی لە کوردستان، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی کاری پێکەوەیی و پرۆژەکانی ئایندە لە پێناو خزمەتی زیاتری مزگەوت و بواری ئایینی کردو تەئکیدی لەوە کردەوە کە ئەمنی ئایینی و فکری بەلای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و گرنگ هەستیارەو رێگە نادەن شتێک دروست ببێت کە پێکدادان و تێکگیرانی نێوخۆیی و فکری و کۆمەڵایەتی لێ بکەوێتەوە.


شایەنی باسە لە دیدارەکە هەماهەنگی نێوان هەردوولا جەختی لێ کرایەوەو چەندین پرسی دیکەی پەیوەست بە تێرو تەسەل گفتوگۆى لە بارەوە کرا.