شاندێکی باڵای مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان سەردانی بۆردی باڵای وتاری هەینی لە وەزارەتی ئەوقاف دەکات

ئەمرۆ 5ی8ی2024 بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و بە یاوەری مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی سەردانی بۆردی باڵای وتاری هەینی لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی کردو لەلایەن بەرێز د.بەشیر خەلیل حەداد سەرۆکی بۆرد و ئەندامانی بۆردی باڵا بە گەرمیەوە پێشوازی کران.


لە دانیشتنەکەدا سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی بۆردی باڵا کرد، کە لە ماوەی رابردوو خزمەتێکی گەورەیان پێشکە کردووە، هەروەک ئاماژەی بە چەند خاڵێک دا لەپێناو پێشخستن و بەرچاو روونی پتر بۆ داڕشتنی ستراتیژێکی گرنگ و کاریگەر، کە رەنگدانەوەی زیاتری بەسەر وتارەکان هەبێت و خواست و واقعی مێژووی و چوارچێوەی دینداری میللەتی کورد بپارێزێت و بەرەو پێشەوەی ببات، چونکە ئەمرۆ کۆمەڵگە لەرووی فکری و دەرهاوێشتەی تری کۆمەڵایەتی کاری لەسەر دەکرێت، گرنگە وتاری هەینی کاری لەسەر بکات و بەجددی پەرە بە هەندێ تەوەرو پرس و بابەت بدات، کە عەقیدەو بیروباوەڕی موسڵمانانی تێدا رەنگبداتەوەو پارێزراو بێت.


سەرۆکی یەکێتی زانایان گوتیشی: رۆڵی وتاربێژان بەرز دەنرخێنین، بەڵام چاوەڕوانی زیاتریان لە دڵسۆزی بۆ دین و پاراستنی تایبەتمەندی دینداری خەڵکی کوردستان لێ دەکەین، چونکە وتاری هەیینی لایەنێکی هاریکار بووە لە پرسە ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانیەکان و خزمەتێگی گەورەی لەبواری ئاراستەو رۆشنبیرکردنی خەڵک و کۆمەڵگە هەیە.


دواتر بەرێز د.بەشیر خەلیل حەداد وێڕای خۆشحاڵی هاتنی شاندی ناوبراو، سوپاسی هەڵوێستی یەکێتی زانایانی کرد، کە بەو گەرمی و هەستە بەرزە پاڵپشتی پێشخستنی رەوشی ئایینی بە گشتی و وتاری هەینی بە تایبەتی دەکەن، چونکە پشتیوانی یەکێتی زانایان لە پرسەکان رۆڵی گرنگی هەبووەو هەیە، دواتر کورتەیەک لە کارو ئامانجی بۆردی وتاری هەیینی خستەڕوو و رایگەیاند: کاری جددی دەکەین بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی گوتاری ئایینی لە هەرێم و هەمووانیش تەواوکەری یەکترین بۆ خزمەتکردن و هەوڵدان بۆ ئەوەی بتوانین رۆژ بەرۆژ پێشکەوتنەکان لە رووی ئایینیەوە رەنگدانەوەیان لەسەر کۆمەڵگە هەبێت و بە ئامانجی گەورە وتارەکان پەیامدارو بەرهەمدار بمێننەوە.


شایەنی باسە لە دانیشتنەکەدا چەند پرس و بابەتی دیکە گفتوگۆی لە بارەو کراو تەئکید لە پێویستی هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرایەوەو ئامادەبووانیش بە سەرنج و خستنەڕووی شرۆڤەی پرسەکان کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەنتر کرد.