ڕاگەیێندراوێکی ھاوبەش لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستانەوە

.....
دوای ئەوەی "قاسم شەشۆ" لە بۆنەیەکدا وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا هێڕشی کردە سەر پێغەمبەرو ئایینی ئیسلام، نیگەرانی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکەنەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:



بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


بەتوندی سەرکۆنەی قسەکانی ( قاسم شەشۆ) دەکەین، کە لەمیانی بۆنەیەکدا لەشەنگال، بەرامبەر ئاینی پیرۆزی ئیسلام و پێغەمبەرمان ( محمد - دروودی خوای لەسەر بێت) گوتویەتی، بە مافی خۆمانی دەزانین، کە ڕێکاری یاسایی لەم بارەیەوە بگرینە بەر.


یەکێک لە شانازیەکانی ھەرێمی کوردستان، پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەییە، کوردانی ئێزدیدی بەدەستی تیرۆرستانی داعش جینۆسایدو ڕەفتاری نامرۆییان بەسەرداھاتووە، ئەم رەفتارەی تیرۆرستانی داعش، کە بەرامبەر ھەموو پێکھاتەکان ئەنجامدراوە، پێچەوانەی پرەنسیپە پیرۆزەکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ئایينەکانی ترە و ھیچ کات کردەوەی تیرۆرستی و توندرەوی و خراپەکاری لەسەر ھیچ ئایين و نەتەوەیەک ھەژمار ناکرێت، بۆیە ناکرێ بە بیانووی کردەوە توندڕەوەکان لەئاینی پیرۆزی ئیسلام بدرێت.


ئەم جۆرە لێدوانانە لە ھەر کەسێک بێت ڕێگە پێدراو نیە، لەپێناو یەکریزی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن دەبێت ھەموو لایەک سەرکۆنەی ئەم ڕەفتارانە بکەین، کەھەستی موسڵمانان یان ھەر ئایين و نەتەوەیەکی تر بریندار بکات.


 


وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی


یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان


٦ی ئابی ٢٠٢٤