رۆژی 14ی8ی2024 بە سەرپەرشتی بەرێز د.عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان و ئامادەبوونی بەرێزان مامۆستا مەلا جەلال خەیلانی جێگری سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان، کۆبوونەوەی ئاسایی مەکتەبی تەنفیز یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەرێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای بەرز نرخاندنی رۆڵی زانایانی ئایینی لە خزمەتکردنی ئایین و رۆڵیان لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پاراستنی سەقامگیری و پێکەوەژیانی برایانە، تیشک خرایە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ و تایبەت بە رەوشی ئایینی و پیشەیی و پرسە هەنووکەییەکان و هەڵسەنگاندنی کارو هەنگاوەکانی زانایانی ئایینی لەمەڕ پێشهاتە نەخوازراوەکان و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکان.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوە بە چڕی گفتوگۆ لەسەر پرسی پاراستنی عەقیدەو موقەدەساتی موسڵمانان، وەک ئەرکێکی ئایینی و پیشەیی و بەرپرسیارێتی قیامەتی کراو بڕیاریش وایە بەرچاو روونی لەمەڕ هەندێ هێڵی گشتی و پێویست لەپێناو بەرژەوەندی موسلمانان و ئاسایشی نیشتمانی و دروستنەبوونی درزو ناکۆکی، بخرێتە بەر دیدی زانایانی بەرێزی ئایینیەوە، کە هەمیشە وەک خەمخۆری هەردوو هەستی ئیسلامپەروەری و نیشتماندۆستی خزمەت دەکەن.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند پرسێکی رێکخراوەیی و پیشەیی پەیوەست بە کاروبارەکانی یەکێتی زانایان کراو تەئکید لە پێویستی هەماهەنگی و کاری جددی لەمەڕ بەدیهێنانی ئامانجە رەواکان کرایەوە. |