یەکێتی زانایان لە گەڵ دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیامێک ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان و هاوڵاتیان دەکات

لە سەرو بەندی دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان پەیامێک ئاراستەی هاولاتیان و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکات، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان


(وَأَمۡرُهُمۡ شُورَىٰ بَيۡنَهُمۡ)


هاوڵاتیانی بەڕێز :


لایەنە سیاسیەکان:


لە سەرو بەندی دەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە پێویستی دەزانین ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە بەردەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان‌و کیانە سیاسییەکان.


یەکەم: هانی هاوڵاتیانی هەرێمەکەمان دەدەین بە گوڕوتینەوە بەشداری پڕۆسەی دەنگدان بکەن‌و بە دەنگی خۆیان نوێنەرەکانی خۆیان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێرن، بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەشێکە لە هۆشیاری تاک‌و بەشداریکردنە لە بڕیارەکانی داهاتووی هەرێمەکەمان.


دووەم: پێویستە هەموو لایەك لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەست بە بەها مرۆیی‌و نیشتیمانییەکانەوە بگرن، بەجۆرێك پرۆسەکە لە کەش‌ و هەوایەکی ئارام‌و دوور لە زمانی زبرو تەخوینکردن‌و سووکایەتیکردن بەڕێوەبچێت، بۆ پاراستنی گیانی برایەتی و تەبایی، چونکە هەر هەنگاوێکی ناشیاو ڕەنگدانەوەی بەسەر پەروەردەی تاکەکانەوە دەبێت‌و سیمای شارستانی‌ گەلەکەشمان لەکەدار دەکات، بۆیە پێویست دەکات هەموو لایەک پابەند بێت بە ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی هەلبژاردن و لایەنە پەیوەندارەکان بۆ ئەوەی بانگەشەی هەلبژاردن لە کەشێکی ئارام بەرێوە بچێت.


سێیەم: مزگەوت‌و قورئان‌و موقەدەساتی ئایینی موڵکی هەموو موسلمانانی کوردستانن، پێویستە پیرۆزییان ڕابگیرێت‌و نەکرێنە بەشێك لە پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەمەدا زەرەمەندی یەکەم پێگەی ئایین‌و پیرۆزییەکانە.


یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان


٢٤ ی ئەیلولی ٢٠٢٤